بڕیارده‌ری لیژنه‌ی دارایی: حكومه‌تی عیراق بۆ دابینكردنی وچه‌ی دوو مانگ قه‌رز ده‌كات


وێستگه‌ نیوزـ

بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عيراق رایگەیاند، ئەوە یەكلاكراوەتەوە کە دەستكاری موچە ناكرێت و حکومەتی عێراق بۆ دابینکردنی موچەی دوو مانگ قەرزدەکات.

ئەمڕۆ دووشەممە، ئەحمەد سەفار بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عيراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "ئەوە یەكلایی كراوەتەوە كە بەهیچ شێوەیەك دەستكاری موچە ناكرێت و حكومەت پاكێچی چاكسازیی دارایی ئامادەكردووە، كە خۆی لە كەمكردنەوەی خەرجییەكان و زیادكردنی داهاتەكان دەبینێتەوە".

ئاماژەی بەوەشكرد، "بەپێی ئەو هەڵسەنگاندنەی كە وەزیری دارایی سەبارەت بە رەوشی دارایی ئێستای عيراق پێشكەشیكردووە، بۆ پێدانی مووچەی دوو مانگ جگە لە وەرگرتنی قەرزی دەرەكی و ناوخۆ هیچ بژاردەیەكی دیكە لە بەردەم حكومەتدا نییە".

باسی لەوەشكرد، "لیژنەی دارایی پەرلەمان كار لەسەر پڕۆژەیاسای وەرگرتنی قەرزی دەرەكی بە بڕی پێنج ملیار دۆلار و قەرزی ناوخۆ بە بڕی 15 ملیار دینار دەكات، چونكە لەئێستادا ئەوە باشترین چارەسەرە بۆ پێدانی موچەی دوو مانگ، تا ئەو كاتەی پاكێچی چاكسازی دارایی لەلایەن حكومەتەوە پێشكەشدەكرێت و نرخی نەوتیش لە بازاڕەكاندا بەرز دەبێتەوە".

لە ئێستادا عيراق، بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا و بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ، روبەڕوی قەیرانی دارایی بووەتەوە و پێشتر سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، رۆژی چوارشەممەی داهاتووی بۆ ئەنجامدانی دانیشتنی ئاسایی خۆی، بەمەبەستی دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای وەرگرتنی قەرزی ناوخۆ و دەرەكی، دیاری كردبوو.


PM:06:51:22/06/2020


ئه‌م بابه‌ته 8088 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت