رێكخراوێك لەڕۆژی جیهانی پەنابەران رەخنە لەنەتەوەیەكگرتووەكان دەگرێت


وێستگە نیوز-

رێكخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت رایدەگەیەنێت، بۆ یەكەمجار لە مێژوی مرۆڤایەتیدا ژمارەی پەنابەران رێژەی ١% دانیشتوانی جیهان تێدەپەرێنێت و رەخنە لەنەتەوەیەكگرتووەكان دەگرێت و دەڵێت، ناكرێت نەتەوەیەكگرتوەكان خەمی یەكەمی پاراستنی ستافەكانی بێت لە كۆرۆنا.

رێكخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت CDO بەبۆنەی رۆژی جیهانی پەنابەران رایگەیاندووە، ئەمساڵ لەكاتێكدا یادی ئەو رۆژە دەكرێتەوە كە بۆ یەكەمجار لە مێژوی مرۆڤایەتیدا ژمارەی پەنابەران رێژەی ١% دانیشتوانی جیهان تێدەپەرێنێت و لە سەردەمانێكدا كە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ بەهەموو جیهاندا بڵاوبۆتەوە و كاریگەریە نەرێنیەكانی  لەسەر ژیانی هەموان و قورستریش لەسەر ژیانی پەنابەران، دروستكردووە.

ئەو رێكخراوە ئاماژەی بەوەكردووە، نەتەوەیەكگرتوەكان وەك لایەنی سەرەكی بەرپرسیار لە پاراستن و دابینكردنی ژیان وگوزەرانی شایستە بۆ پەنابەران داواكراوە كە هەوڵەكانی زیاتر بكات بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە پیرۆزە. لەم سەردەمەشدا كە پەنابەران لەبەردەم مەترسی توشبون بە كۆرۆنا و لەدەستدانی كارەكانیاندان، ناكرێت نەتەوەیەكگرتوەكان خەمی یەكەمی پاراستنی ستافەكانی بێت لە كۆرۆنا لەرێگەی زیادكردنی رۆتیناتی كاركردن، تێكەڵنەبون لەگەڵ پەنابەران و تێگەیشتین لە قوڵبونەوەی كێشەكانیان بەهۆی بڵاوبونەوەی ئەم پەتایە.

رێكخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت دەڵێت، وەك دەزانرێت زیاتر ٨٠% ی پەنابەران لە هەرێمی كوردستان لە دەرەوەی كەمپەكان دەژین، ئەم رێژە زۆرەی پەنابەرانی دەرەوەی كەمپ لە زۆربەی خزمەتگوزاریەكانی ئاژانسەكانی نەتەوەیەكگرتوەكان بێبەشن و تا ئەمڕۆش زۆربەیان تەنانەت ناوی ئاو ئاژانسانەش نازانن چ جای كارو خزمەتگوزاریەكانیان.

رێكخراوەكە لەم رۆژەدا سوپاسی هەموو ئەو سەرمایەدار، خۆبەخش و رێكخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیانە دەكات كە لەماوەی چوار مانگی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان رۆڵی سەرەكیان بینی لە بەهاناوەچونی خەڵكی كەمدەرامەتی پەنابەران، ئاوارەكان و خەڵكی خانەخوێ بێجیاوازی، داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستانیش دەكات داوای رونكردنەوە لە ئاژانسەكانی نەتەوەیەكگرتوەكان بكات لەسەر سستی كار و خزمەتگوزارییەكانیان لەماوەی ناوبراودا.


PM:06:38:20/06/2020


ئه‌م بابه‌ته 2732 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت