پارتی راگه‌یه‌ندراوێكی له‌سه‌ر ئۆپراسیۆنه‌كه‌ی توركیا له‌ خاكی هه‌رێم بڵاوكرده‌وه‌


وێستگه‌ نیوز ـ
پارتی دیموکراتی کوردستان لە بارەی ئۆپەراسیۆنی تورکیا دژ بە پەکەکە لەناوخاکی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت و داوا رێگای ئاشتی لە نێوان هەردوولا دەکات.


دووپاتیشی دەکاتەوە، ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت بەهۆی بوردومانەكان زیانی گەورەتر بە هەرێم دەکەوێت.

دەقی راگەیەندراوەکە

زۆر نیگەرانین بەرانبەر گرژی و پەرەسەندن و ئۆپەراسیۆنی سەربازی و تۆپباران و بوردومانەكانی توركیا و ئێران بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان، كە بووەتە هۆی دڵەڕاوكێی هاووڵاتیانی سڤیل و ناسەقامگیری لە ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان.

ئەم بابەتە تازە نییە و لە ساڵانی ڕابردوویش دووبارە بووەتەوە. هەموو جار و ئەم جارەیش قسەمان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی ئەم دوو وڵاتە كردووە و نیگەرانییەكانمان پێ ڕاگەیاندوون.

ئەوان جەختیان لەوە كردووەتەوە كە هیچ جۆرە دژایەتیێكیان بەرانبەر هەرێم نییە و هۆكاری بوردومانەكان بوونی هێزە چەكدارە ئۆپۆزیسیۆنە كوردییەكانە كە لەناو خاكی هەرێم، كردەی سەربازی دژی ئێران و توركیا ئەنجام دەدەن.

ئێستا پەكەكە نزیكەی پێنجسەد گوندی هەرێمی كوردستانی لەبەردەستە و ئێمە چاوپۆشیمان لێ كردووە بەڵام ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت بەهۆی بوردومانەكان زیانی گەورەتر بە هەرێم دەكەوێت و شوێنەكانی تری هەرێمیش دەكەونە ژێر مەترسی.

پێویستە گشت لایەكیش لەوە تێ بگات كە خەبات و حوكمڕانی بە موزایەدات و سیاسەتی نابەرپرسانە ناكرێت. بۆیە پێشتر گوتومانە و ئێستایش دەیڵێینەوە كە ئێمە لەگەڵ خەباتی سیاسی و ڕێكاری ئاشتیانەین بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد لە پارچەكانی تر و ئەگەر پەكەكە و لایەنە چەكدارەكانی تر ناتوانن پابەندی بڕیار و حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان بن با شەڕ و چاڵاكییەكانیان بگوازنەوە بۆ مەیدانی ڕاستەقینەی خۆیان و چیتر نەبنە مایەی هەڕەشە و ماڵوێرانی بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان.

پارتی دیموكراتی كوردستان

٢٠ـی٦ـی


PM:02:15:20/06/2020


ئه‌م بابه‌ته 5752 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو