نێچیرڤان بارزانی گەیشتە شاری بەغداد

‌نێچیرڤان بارزانی

وێستگە نیوز-

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی وەفدێكی حكومی گەیشتە شاری بەغداد.

ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەیاوەری شاندێكی باڵای حكومی كە پێكهاتووە لە مستەفای سەید قادر، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگرانی سەرۆكی هەرێم گەیشتە شاری بەغداد بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حكومی و حیزبی لەعێراق بۆ دۆزینەوەی رێگە چارەی چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی هەولێر و بەغداد.

لەم ماوەیەی رابردوودا وەفدی هەرێم بەسەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدادیان كرد و لەگەڵ گەورە بەرپرسانی حیزبی و حكومی كۆبوونەوە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لەسەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەوێستگە نیوزی راگەیاند، لەم ماوەیەی رابردوودا حكومەتی عێراق بەفەرمی داوایكردووە هەریەك لەنێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم یان مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانیان بكەن بۆ چارەسەری كێشەكانی هەردوولا، بەو پێیەی كێشەكان كەڵەكەبووی ساڵانی رابردون و ئەوان لێی بەرپرسن، بۆیە ئەگەری زۆرە بۆ وەفدی داهاتوو مەسرور بارزانی، سەرۆكایەتی شاندی هەرێم بكات.

ئەو سەرچاوەیەی یەكێتی وتی "لەكۆبوونەوەی پێشووی سەركردایەتی رەخنەش لەقوباد تاڵەبانی گیرا كە بۆچی قبوڵی كردووە دووجار سەرۆكایەتی شاندەكان بكات، بەڵكو دەبوایە مەسرور بارزانی وەك سەرۆكی حكومەت و بەرپرسی یەكەمی حكومەت سەرۆكایەتی شاندەكان بكات، بەڵام قوباد تاڵەبانی پێی راگەیاندوون كە لەبەر بەرژەوەندی هەرێمی كوردستان و فەرمانبەران سەرۆكایەتی شاندەكانی كردووە".





PM:01:28:20/06/2020


ئه‌م بابه‌ته 2052 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت