پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی مەترسیداری سەبارەت بەكۆرۆنا راگەیاند

‌د.هەڤاڵ ئەبوبەكر

وێستگە نیوز-

د.هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی رایدەگەیەنێت، هاوڵاتیان دوای گومان و پڕوپاگەندەی سیاسی نەكەون و دەڵێت "چونكە بە راستگۆییانە پێتان دەڵێم كە مەرگێكی راستەقینە لەبەردەم ماڵەكانماندایە". 
 
د.هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لەمیانی بەشداریكردنی گەشتێكی هەواڵەكانی رووداو رایگەیاند، بارودۆخەكە زۆر زۆر لەوە سەختتر، نالەبارتر و دژوارترە كە خەڵكی بیری لێدەكەنەوە و وتی "فەرمانگەكانی دەوڵەتیان راسپاردووە كە بەپێی تایبەتمەندیی خۆیان هەر كەسێك سەرپێچی كرد شوێنەكەی دابخەن، بنكەی پۆلیس و ئاسایش و تەندروستی گەڕەكەكانمان راسپاردووە لە گەڕەكەكاندا بگەڕێن و سەرپێچیكاران سزا بدەن". 

پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەوەكرد، تەندروستی داوای كردووە قەدەغەی هاتووچۆی تەواوەتی رابگەیەندرێت، بەڵام ئەوان دەزانن قەدەغەی هاتووچۆ كارەساتی ئابووری و بژێوی بۆ خەڵك لێدەكەوێتەوە، بۆیە داوا دەكەن خەڵك ئاستی خۆپارێزی زۆر بەرز بكەنەوە، بەپێچەوانەوە ناچار دەبن هەفتەی داهاتوو بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆی تەواوەتی بدەن. 
  
تا دێت ژمارەی تووشبوان و گیانلەدەستدراوانی كۆرۆنا لەكوردستان بەگشتی و پارێزگای سلێمانی زیاد دەكات بەجۆرێك تەنها ئەمڕۆ پێنج كەس گیانیان لەدەستداوە.


PM:04:46:11/06/2020


ئه‌م بابه‌ته 3648 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت