ژوری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر چەند بڕیارێكی نوێی دەركرد


وێستگە نیوز-

ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بڕیاریدا لەكاتژمێر 6ی ئێوارەی سبەینێوە قەدەغەی هاتووچۆ كۆتایی پێ بهێنرێت بەو مەرجەی هاوڵاتیان پابەندی رێنماییەكانی خۆپارێزی لەكۆرۆنا بن.

راگەیاندنی پارێزگای هەولێر بڵاویكردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ بەسەرپەرشتی د.فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر كۆبوونەوەیەكی ئەنجامدا و چەند بڕیارێكی نوێی دەركرد.

وەك لەڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە "لەبەر بەرژەوەندی و ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییان بڕیاردرا لە سبەی 2020.6.3 كاتژمێر (6)ی ئێوارە بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆ لەناو شارەكان كۆتایی پێبهێنرێت".

هەروەها ئاماژەی بەوەدراوە "سەرجەم دوكان و بازاڕ و ئەو شوێنانەی كە پێشتر بۆ خزمەتی هاوڵاتیان كرابوونەوە دەكرێنەوە بە مەرجی جێبەجێكردنی ڕێنمایی خۆپارێزی تەندروستی ورد كە بۆ هەر سێكتەرێك كۆمیتە و لێژنەی تایبەتمەند لەلایەن فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەكان بۆ بەدواداچوون و چاودێریكردن و جێبەجێكردنی ئەو ڕێنماییانە پێكهێنراوە، بۆیە داواكارین هەموو هاوڵاتییان و ئەو شوێنانەشی كە كاردەكەن پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەكان بن بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، هەر شوێنێك پابەند نەبێت ڕێكاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر".                                                                                                           

لەبڕیارێكی دیكەش هاتووە "راگرتنی هاتووچۆ بەشێوەیەكی تەواو لە نێوان سەرجەم پارێزگاكانی هەرێم و پارێزگاكانی تری عێراق، بەپێی خاڵی یەكەمی بەیانی ژمارە(38)ی ساڵی 2020ی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، تا كاتژمێر (12)ی شەوی 2020.6.6، بەداخراوی دەمێنێتەوە".                                                    


PM:09:15:02/06/2020


ئه‌م بابه‌ته 1772 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت