سبه‌ینێ ده‌روازه‌یه‌كی سنوریی هه‌رێم بۆ جموجوڵی بازرگانی ده‌كرێته‌وه
وێستگه نیوزـ
بڕیاره سبه‌ینێ چواشه‌ممه 27ی ئایاری 2020، ده‌روازه‌ی حاجی ئۆمه‌ران به رووی بازرگاناندا ب‌كرێته‌وه و جموجۆڵی بازرگانان ده‌ستپێبكاته‌وه و ئاڵوگۆڕه بازرگانییه‌كان له چوارچێوه‌ی رێكاره ته‌ندروستییه‌كاندا ئاسایی ببنه‌وه.
سیروان حسێن، وته‌بێژی ده‌روازه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی حاجی ئۆمه‌ران رایگه‌یاند: سبه‌یننێ چوارشه‌ممه، ده‌روازه‌ی حاجی ئۆمه‌ران به رووی بازرگاناندا ده‌كرێته‌وه و جموجۆڵی بازرگانان ده‌ستپێده‌كاته‌وه و ئاڵوگۆڕه بازرگانییه‌كان له چوارچێوه‌ی رێكاره ته‌ندروستییه‌كاندا ئاسایی ده‌بنه‌وه.
له‌باره‌ی جموجۆڵی گه‌شتیاریش له ده‌روازه سنوورییه‌كان، سیروان حوسێن گوتی: ''به‌پێی بڕیاری وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان، ده‌روازه سنوورییه‌كان به رووی گه‌شتیاراندا داخراوه تا یه‌كی حوزه‌یران، له‌دوای ئه‌و به‌رواره‌ش چاوه‌ڕێی بڕیاری نوێی وه‌زاره‌تی ناوخۆ ده‌كرێت''.
به‌ھۆی جه‌ژنی ره‌مه‌زان و به مه‌به‌ستی رێگه‌گرتن له بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ماوه‌ی 72 كاتژمێر قه‌ده‌غه‌ی ھاتوچۆ له ھه‌رێمی كوردستان راگه‌یه‌ندراوه و بڕیاره‌كه تا ئه‌مشه‌و كاتژمێر 12 به‌رده‌وام ده‌بێت و سبه‌ینێ چوارشه‌ممه بارودۆخ ئاسایی ده‌بێته‌وه و جموجۆڵی بازرگان‌یش ده‌ستپێده‌كاته‌وه.
له 13ی شوباتی 2020ه‌وه، به‌ھۆی رێگه‌گرتن له بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا، حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان له‌یه‌كه‌م رێكاردا سه‌رجه‌م ده‌روازه سنوورییه‌كانی داخست و دواتر وه‌ك ئاسانكاریی بۆ ھاوڵاتییان، جموجۆڵی بازرگانی ده‌ستپێكرده‌وه.
PM:01:35:26/05/2020
ئه‌م بابه‌ته 2856
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت