وەزیری تەندروستی: كوردستان لە قۆناغی دووەمی هەڵكشانی كۆرۆنادایە

‌د.سامان بەرزنجی

وێستگە نیوز-

د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، هەرێمی كوردستان لە قۆناغی دووەمی هەڵكشانی كۆرۆنادایە و %8ی تووشبووانی هەرێم، سەرچاوەی تووشبوونیان دیار نییە و ئەمەش مەترسیدارە.

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان جەختیكردەوە، چارەسەركردن لە سەنتەرەكانی كۆرۆنا بەردەوام دەبێت و لە دیدگای حكومەتی هەرێمدا تەندروستی هاووڵاتیان لە هەموو شتێك گرنگترە، بۆیە درێژە بە رێكارەكان دەدرێت.

ناوبراو روونیكردەوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە، دوای ئەوەی وەزارەتی تەندروستی یەكەمین رێكاری لە 23ی كانوونی دووەمی ئەمساڵ دەستپێكرد، كە لە چین 17 حاڵەتی مردن هەبوو، دواتر قۆناغ بە قۆناغ رێكاری پێویست گیرایەبەر، تا ئەمڕۆ بەردەوامین و لەو ماوەیە 386 حاڵەت چارەسەركراومان هەیە، 476 حاڵەت بە گشتی تۆمار كراون و 5 حاڵەتی مردن هەبووە و 85 حاڵەتی نوێ تۆمار كراون.

سەبارەت بە هۆكاری پەرەسەندی حاڵەتەكانی تووشبوون، وەزیری تەندروستی وتی "ئەوەی ئێستا هەیە، بەردەوامی شەپۆلی یەكەمی كۆرۆنایە، لە هەڵكشانی دووەمی پەتاكەداین، بەڵام خۆشبەختانە هێشتا لە كۆنترۆڵ دەرنەچووە. هەڵكشانی یەكەم لە سەرەتای بەهاری ئەمساڵ روویدا. ئەم تووشبوونانەی ئێستا هەن، دەكرێت بە هەڵكشانی دووەم ناوی بەرین. ترسناكییەكەی لەوەدایە، لە عێراق حاڵەتی زۆر تۆماركراون. لە وڵاتانی دەوروبەریشمان و ئەوروپاش هێشتا ژمارەی تووشبووان بەرزە. ئەوانەی دەگەڕێنەوە دەبێت كەرەنتینە بكرێن".

وەزیری تەندروستی وتیشی "ئاماژەكان ئەوە دەگەیەنن ڤایرۆسەكە لە كۆمەڵگەدا هەیە. رێكخراوە جیهانییەكان روونیانكردووەتەوە، هەندێك هاوڵاتی تووشبوون بە بێ ئەوەی سەرچاوەی تووشبوونیان دیار بێت. بۆیە مەترسیدارە، پێویستە رێككارەكانی خۆپارێزی بە جدی وەرگرن".

روونیشی كردەوە، "لە هەرێمی كوردستان تا ئێستا رێژەی مردن %1ەوە ئەمەش كەمترین رێژەی مردنە. رێژەی بڵاوبوونەوە، %1.6، تەنیا لە %8ی حاڵەتەكان سەرچاوەیان نادیارە، %98ی حاڵەتەكانی تووشبوون بە هۆی بەركەوتنەوە بووه"‌.


PM:09:21:23/05/2020


ئه‌م بابه‌ته 2176 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت