په‌رله‌مانتارێكی یه‌كێتی: پێویسته‌ سه‌ركردایەتیی كورد له‌ ئاست كه‌ركوك هه‌ڵوێستی هه‌بێت


وێستگه‌ نیوزـ

په‌رله‌مانتارێكی یه‌كێتی له‌ په‌رله‌مانی عیراق جەختدەكاتەوە، ناوچە دابڕێندراوەكان لەمەترسی گەورەدان و دەبێت سەركردایەتی كورد یەكانگیربن بەرامبەر بەو مەترسیانە، سەرۆكی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكیش ده‌ڵێت: لە كەركوك نزیكەی 600 هەزار ئاوارەی عەرەبی سوننە هەیە و شیعەكان رێگەیان پێ نادەن بگەڕێنەوە بۆ ناوچەكانیان و ده‌یانه‌وێت ناوچه‌ كوردستانییه‌كان شیعه‌ نشین بكه‌ن.

حەسەن ئاڵی، په‌رله‌مانتاری عیراق له‌ فراكسیۆنی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی حزبه‌كه‌ی راگه‌یاند: ناوچە دابڕێنداراوەكان لەبەردەم مەترسی تیرۆرو دەستێكی نادیارن كە بەمەبەست كار لەسەر شەهیدكردن و دەركردنی كوردەكان دەكەن، هه‌روه‌ك لە خانەقین و داقوق و كەركوك و چەندین ناوچەی تر داعش و هەندێ گروپی سیاسی و چەكداری بەو كارە هەستاون و ئەمەش مەترسی بۆ سەر ژیانی هاوڵاتیانی كورد دروست كردوە.

حەسەن ئاڵی جەختیكردەوە: زۆر گرنگە سەركردایەتی كورد خۆی بێ ئاگا نەكات لەم جۆرە رووداو بەرنامەو پیلانە مەترسیدارانە چونكە چارەنووسی ئەو ناوچانە دەخاتە بەردەم مەترسی گەورەترەوە، بۆیە گرنگە هەمووان یەك دەست و یەك هەڵوێستبن و رێگە نەدەن  دۆخی گوزەران و ژیانی ئەو ناوچانە بەئاقارێكی مەترسیداردا بچێت.

وتیشی: سوتاندنی دەخڵودان و هەڵكوتانە سەر گوندەكان و شەهیدكردنی ژمارەیەكی زۆر هاووڵاتی لەسنوری خانەقین، زەنگێكی مەترسیدارەو پێویستە لەبەرامبەر ئەوەدا س ەركردایەتی كورد بێ هەڵوێست نەبێـت.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌زاری رێبوار تاڵەبانی، سه‌رۆكی پێشووی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ "سوننەكان لە ناوچەكانی خۆیان دەركراون، بە تایبەت لە دیالە و ئەنبار و ناوچەكانی دیكە و هێناویانن بۆ كەركوك بە ناوی ئاوارە و شوێنەكانیان بەشیعە كراون، رێگەش نادەن ئەو ئاوارانە بگەڕێنەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان، بۆیە ئەمە پڕۆژەی ئەوانە بۆ بەشیعەكردنی هەموو عیراق و ناوچە كوردستانییەكانیش".

وتیشی: "نزیكەی 600 هەزار ئاوارە لە كەركووك هەن و ئێمە لەگەڵ پارێزگاری ئەو ناوچانە قسەمان كردوە كە لێی ئاوارە بوون، بەڵام بە هیچ شێوەیەك رازی نەدەبوون بگەڕێنەوە بۆ ناوچەكانیان".

ناوبراو باسی لەوەش كرد: "لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، ئەو ئاوارانە دەرفەتێكی باشیان بۆ رەخساوە، بۆ ئەوەی بچنە ناوشار و ناسنامەیان بۆ دروست دەكرێت و دەكرێنە خەڵكی كەركوك".


PM:08:47:21/05/2020


ئه‌م بابه‌ته 2024 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو