وەزارەتی ناوخۆ راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە


وێستگە نیوز-

وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان نیگەرانی خۆی لەسەر رادەستكردنی ژمارەیەك چەكداری داعش بە حكومەتی عێراق راگەیاند و دەڵێت، "حكومەتی هەرێم ئاگاداری رادەستكردنی ئەو چەكدارانە نییە لەلایەن یەكێتی نیشتیمانی كوردستان".

وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە "لەڕاگەیاندنەكانەوە هەواڵێك بڵاوكراوەتەوە سەبارەت بەڕادەستكردنی 176 تۆمەتباری تیرۆریست لەسلێمانییەوە بۆ كەركوك، هەروەها لێرە و لەوێ هەندێك لێدوان بڵاودەكرێنەوە گوایە ئەم چەندە بەهەماهەنگی و ئاگاداری حكومەتی هەرێم بووە"، وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت "حكومەتی هەرێمی كوردستان نە لەكاتی گرتن و نە لەكاتی رادەستكردنەوەی ئەو تۆمەتبارانە ئاگاداری بابەتەكە نەبووە".

راگەیەندراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە "بابەتی هەماهەنگیكردن لەگەڵ دەسەڵاتە فیدراڵییەكان رێكار و میكانیزمی خۆی هەیە كە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ بەیاسا و رێنمایی رێكخراون و بابەتی رادەستكردنەوەی ئەم تۆمەتبارانە بەدەر لەم میكانیزمانە ئەنجامدراون".



PM:06:47:21/05/2020


ئه‌م بابه‌ته 4768 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت