گۆڕان بەفەرمی لەسەر دەستگیركراوانی شاری دهۆك هاتە دەنگ


وێستگە نیوز-

بزووتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت، دەستگیركردنی ژمارەیەك مامۆستا و، فەرمانبەر و، رۆژنامەنوس و چالاكی مەدەنی لە شاری دهۆك، نەك میكانیزمێكی شیاو نیە بۆ وەڵامدانەوەی داواكاریەكانی خەڵك، بەڵكو كاردانەوەیەكی خراپە لەگەڵ دۆخێكی خراپ و خزمەت بە هەلومەرجە بابەتیەكان ناكات.

ئەمەش دەقی راگەیەندراوەكەیە..

ئەمڕۆ لە شاری دهۆك، ژمارەیەك مامۆستا و فەرمانبەر، وەك مافێكی سەرەتایی بۆ داواكردنی موچە و لابردنی پاشكەوت گردبونەوەیەكی ناڕەزایەتیان لە پاركی ئازادی رێكخست.

ئەم ناڕەزایەتیە جەماوەرییە، هاوكاتە لەگەڵ قەیران و كاریگەرییەكانی نەخۆشی كۆرۆنا، كە جێكەوتی قوڵی لەسەر ئاستی جیهان دروستكردوە و، كاریگەری نەرێنیشی لەسەر ژیانی خەڵك لە عێراق و هەرێمی كوردستان دروستكردوە.

لەم دۆخەدا، موچەخۆران بێ موچە و، ژیانی ئاسایی و كارو كەسابەت و بژێوی ژیانی خەڵك زۆر خراپە. ئەركی حكومەت و دامەزراوە ئەمنیەكانە لەچوارچێوەی یاسا و رێكارە تەندروستەكان مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندەران و خەڵكی ناڕازیی بكەن.

دەستگیركردنی ژمارەیەك مامۆستا و، فەرمانبەر و، رۆژنامەنوس و چالاكی مەدەنی لە شاری دهۆك، نەك میكانیزمێكی شیاو نیە بۆ وەڵامدانەوەی داواكاریەكانی خەڵك، بەڵكو كاردانەوەیەكی خراپە لەگەڵ دۆخێكی خراپ و خزمەت بە هەلومەرجە بابەتیەكان ناكات.

ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان، وەك بڕوابون بە ئازادی و ئازادیە گشتیەكان، پشتیوانی لە هەمو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەك دەكەین لە چوارچێوەی یاسا كارپێكراوەكان. داواكاریشین جگە لە ئازادكردنی دەستگیركراوەكان، كاردانەوەی هێزە ئەمنیەكان گونجاو بێت لەگەڵ ئەو خەڵكەی داوای ژیانێكی شیاوتر و موچە و قوتی خۆیان دەكەن.



PM:10:27:16/05/2020


ئه‌م بابه‌ته 2840 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت