هۆكاری بەشداربوونی كەسی یەكەمی یەكگرتوو و سۆسیالیست لەكۆبوونەوەی یەكێتی ئاشكرابوو

‌دیمەنێك لەهەردوو كۆبوونەوەكە

وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال

هەرچەندە بەپێی عورفی سیاسی نەدەبوو كەسی یەكەمی یەكگرتووی ئیسلامی و حیزبی سۆسیالیست بەشداری كۆبوونەوەیان لەگەڵ وەفدی باڵای یەكێتی بكەن، بەڵام بەرپرسانی ئەو دوو حیزبە روونكردنەوە لەسەر بەشداربوونی كەسی یەكەمی حیزبەكانیان لەو كۆبوونەوانە دەدەن.

دوێنێ وەفدێكی باڵای یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەسەرۆكایەتی قادر عەزیز، ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی سەردانی محەمەدی حاجی مەحمود، سكرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموكرات و سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی و جوڵانەوەی نەوەی نوێیان كرد، بەپێی عورفی سیاسی و دیبلۆماسی، سەرۆكی وەفدەكەی یەكێتی ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسییە، بەڵام لەلایەن دوو كەسی یەكەمی یەكگرتوو و سۆسیالیستەوە پێشوازی لێكرا، لەكاتێكدا لەنەوەی نوێ شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەكە ئامادەی كۆبوونەوەكە نەبوو.

سەبارەت بەوەی بۆچی سەڵاحەدین محەمەد بەهادین لەكۆبوونەوەكەدا بەشداربووە لەكاتێكدا پێچەوانەی عورفی سیاسییە، مستەفا عەبدوڵا، ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی بەوێستگە نیوزی راگەیاند، رۆژانی رابردوو ئەمینداری حیزبەكەیان پیرۆزبایی لە لاهور شێخ جەنگی كردبوو بڕیارە دیداری دوو قۆڵیش بكەن، دوای ئەو پیرۆزباییانە وەفدیشیان ناردووە، بۆیە زۆریش ئاساییە وەفدی مەكتەبی سیاسی حیزبێك سەردانی حیزبێك دەكات و كەسی یەكەمی حیزبەكەش پێشوازی لێبكات. 

سەبارەت بەپێشوازیكردنی محەمەدی حاجی مەحمودیش لەو شاندەی یەكێتی، سەرچاوەیەك لەمەكتەبی سیاسی حیزبی سۆسیالیست بەوێستگە نیوزی راگەیاند، هۆكاری بەشداربوونی محەمەدی حاجی مەحمود ئەوەیە كە قادر عەزیز، سەرۆكی وەفدەكە بووە و لەئاستێكی بەرزی بەرپرسیارێتی حیزبەكەدایە، قادر عەزیز پێشتریش هاوخەباتی سكرتێری سۆسیالیست بووە و تێكۆشەرێكی دیارە.


PM:12:05:13/05/2020


ئه‌م بابه‌ته 30612 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت