بانكی ناوه‌ندیی عیراق: ئه‌و پاره‌یه‌ی بۆ هه‌رێم گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ موچه‌خۆران نییه‌


وێستگه‌ نیوزـ

بانکی ناوەندی عیراق لقی هەرێمی کوردستان، رونكردنه‌وه‌یه‌كی له‌ باره‌ی ده‌نگۆی گواستنه‌وه‌ی بڕێك پاره‌ بۆ سه‌ر حسابی بانكی هه‌رێمی كوردستانی بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ رونكردنه‌وه‌كه‌دا کازم نامق ئه‌حمه‌د، بەڕێوەبەری گشتی بانکی ناوەندی عیراق لقی هەرێمی کوردستان رایگه‌یاندوه‌:" ئەو پارەیەی لە بانکەکەشە پارەی بانکی ناوەندی عیراقە کە سەر بە حکومەتی فیدراڵییە و هیچ پەیوەندییەکی بە موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستانەوە نییە".

بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌م رونكردنه‌وه‌یه‌، دوای ئه‌وه‌ دێت، ئه‌مڕۆ سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، داواكارییه‌كی به‌رز كرده‌وه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان و ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كردبوو، كه‌ 900 ملیار دینار له‌ بانكی هه‌رێم هه‌یه‌ و به‌شی موچه‌ی مانگێك ده‌كات.

ده‌قی رونكردنه‌وه‌كه‌ی بانكی ناوه‌ندی/ لقی هه‌رێمی كوردستان

دەربارەی ئەو هەواڵانەی کە گوایا چەند بڕە پارەیەک هاتووەتە سەر حیسابی بانکی هەرێم ، بە پێویستمان زانی ئەو چەند خاڵە روون بکەینەوە:

یەکەم: لە ساڵی 2017 ەوە بانکی هەرێم نەماوە و بووەتە بانکی ناوەندی عیراق / لقی هەرێمی کوردستان.

دووەم: بانکی ناوەندی عیراق/ لقی هەرێمی کوردستان سەر بە بانکی ناوندی عیراقە نەک حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئەو پارەیەی لە بانکەکەشە پارەی بانکی ناوەندی عیراقە کە سەر بە حکومەتی فیدراڵییە و هیچ پەیوەندییەکی بە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانەوە نییە. هەروەها  ئێمە سەرپەرشتی تەمویلکردنی پارەی  بانکی ناوەندی عیراق/ لقی موسڵیش دەکەین .

سێیەم: هەر کاتێک وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا فەرمان بدات بە بانقی ناوەندی عیراق ئەوکات دەتوانین ئە و بڕە پارەیە رادەستی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بکەین.


PM:11:51:03/05/2020


ئه‌م بابه‌ته 5176 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت