ڕاگەیاندراوێك لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانەوە


وێستگە نیوز-

سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لەسەر پەلاماردانی چەكدارانی داعش بۆ ناوچەی مكێشیفەی پارێزگای سەڵاحەدین نیگەرانی خۆی دەربڕی و ئیدانەی دەكات.

سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لەڕاگەیەندراوێكدا رایگەیاندووە "پەلاماری تیرۆریستانی داعش بۆ سەر ناوچەی مكێشیفەی سەر بە پارێزگای سەلاحەدین كە ژمارەیەك لە هێزە ئەمنییەكانی عێراقی تیادا بوونە قوربانی، بەتوندی ئیدانە دەكەین، ئەم پەلامارە و هێرشەكانی دیكەی ئەم دواییەی تیرۆریستان، ئاماژەی ترسناكی فروانبوونەوەی مەترسی و جموجۆڵە سەربازییەكانی داعشە، هەروەها زەنگێكی دیكەی بەئاگاهێنانەوەی هەموو لایەكمانە و بەڵگەی قۆستنەوەی هەڵومەرجی نالەباری عێراقە لەلایەن تیرۆریستانەوە بۆ دووبارە خۆڕێكخستەنەوە و ئەنجامدانی پەلاماری فراوانتر". 

سەرۆكایەتی هەرێم ئاماژەی بەوەكردووە "لە كاتێكدا سڵاو بۆ گیانی قوربانییان دەنێرین، هاوخەمی بۆ كەسوكاریان دەردەبڕین و هیوای چاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین، دووپاتیشی دەكەینەوە كە ڕەوشەكە وا دەخوازێ هەرچی زووترە كێشە و ناكۆكییە نێوخۆییەكانی عێراق چارەسەر بكرێن و پێكەوە بەرەنگاری هەڕەشەی جددیی سەرهەڵدانەوە و تەشەنەسەندنی تیرۆر ببینەوە". 

بەرەبەیانی رۆژی  شەممە 2ی ئایاری 2020، دەیان چەكداری داعش، لە چەند بەرەیەكەوە هێرشییان كردە سەر ناوچەكانی، سامەرا، مكێشیفە، ئیسحاقی، جەزیرە سامەرا، جەلام، شارۆچكەی بەلەد، نەهر رەساسی، سور سناش و جەزیرە ئیسحاقی، لە سنووری پارێزگای سەڵاحەدین، بەگوێرەی دوایین ئامار، تا ئێستا 10 چەكداری حەشدی شەعبی و هۆزەكان كوژراون و ژمارەیەكی دیكەش برینداربوون.

نۆ لە كوژراوەكان، سەربە هۆزی ئال بوو عیسا بوون و یەكێكیشییان چەكداری گرووپی سەریا سەلام و خەڵكی بەسرە بووە.

هەروەك باس لە كوژرانی ژمارەیەك پۆلیسی فیدراڵی عیراقیش دەكرێت، بەڵام تا ئێستا ئەوە پشتراست نەكراوەتەوە.




AM:12:10:03/05/2020


ئه‌م بابه‌ته 4744 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت