ئەسەسەرد: پێموانییە كازمی لەسەرەتای دەستبەكاربوونیدا نەرمی بنوێنێت

‌فەرید ئەسەسەرد

وێستگە نیوز ـ پشتیوان جەمال
بەرپرسێكی باڵای یەكێتی نیشتمانی كوردستان پێیوانییە مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوی عیراق لەسەرەتای دەستبەكاربوونیدا نەرمی بەرامبەر كوردستان بنوێنێت، لەبەرامبەردا هەرێمیش هەموو كارتەكانی فشاری بەرامبەر بەغدا لەدەستداوە.


فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و سكرتێری ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە وێستگە نیوزی راگەیاند، بۆچوونیان وایە مامەڵەكردن لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی بەراورد بە هەر سەرۆك وەزیرانێكی دیكە ئاسانتر بوو، كازمیش مادام تازە دەسەڵات دەگرێتە دەست پێیوانییە لەسەرەتای دەستبەكاربوونیدا نەرمی بنوێنێت.

ناوبراو وتی: "كازمی هەوڵ دەدات چارەسەرێك بدۆزێتەوە، بەڵام رەنگە ئەو چارەسەرییە ئەو چارەسەرییە نەبێت كە هەرێمی كوردستان چاوەڕوانی دەكات، بەڵام دۆزینەوەی چارەسەر خۆی لەخۆیدا كارێكی قورسە، چونكە هەرێم هەموو كارتەكانی فشاری بەرامبەر بەغداد لەدەستداوە و سەرۆك وەزیرانیش ئەركێكی قورسی لەبەردەمدایە، بەتایبەتیش پاش ئەو خۆپیشاندانە درێژخانەیەكە دێتە حوكم، بۆیە دەیەوێت وای نیشان بدات كە جیاوازە لەسەرۆك وەزیرانەكانی پێش خۆی و هەموو عێراقییەكان بەیەك چاو سەیر دەكات".

ئەسەسەرد روونیكردەوە: "سەرۆك وەزیرانەكانی پێشتر بەو تۆمەتبار كراون كە نەرم بوون بەرامبەر داواكارییەكانی هەرێم و ئەو هەلەیان بۆ كورد رەخساندووە كە سوودمەند بێت لەداهاتی نەوتی بەسڕە و لەداهاتی نەوتی خۆیشی، بۆیە پێموایە كازمی لەو دۆسیەدا رەنگە وەك ئەوان هەڵسوكەوت نەكات".

هــ. ر


PM:03:04:02/05/2020


ئه‌م بابه‌ته 1556 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت