حكومه‌تی هه‌رێم: كۆبوونه‌وه‌كانمان له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌رده‌وام ده‌بن


وێستگه‌ نیوز ـ
حکومەتی هەرێم رایگەیاند، پاش ئەنجامدانی زنجیرەیەک کۆبوونەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ شاندی باڵای حکومەتی هەرێم لە بەغداوە گەڕایەوە هەرێم و بڕیاردرا هەفتەی ئایندە درێژە بە کۆبوونەوەکان بدرێت.

ئەمڕۆ هەینی 1ی ئایاری 2020، حکومەتی هەرێم لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، "پاش سێ ڕۆژ لە مانەوە و ئەنجامدانی زنجیرەیەک کۆبوونەوە، شاندی باڵای حکومەتی هەرێم گەڕایەوە هەولێر" و لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، "سەرباری ئەوەی كۆبوونە‌وە‌كان لە‌ کاتێکی ئاڵۆزی پڕکێشەدا بەڕێوەچوون، بەڵام بە گشتی ئە‌رێنی بوون".

ئاماژە بەوەشکراوە، "بڕیاردرا بۆ گە‌ڵاڵە‌ كردنی پێشنیازە‌كان ھە‌فتە‌ی ئایندە‌ درێژە‌ بە‌ كۆبوونە‌وە‌كان بدرێت، بە‌ مە‌بە‌ستی چارە‌سە‌ركردنی كێشە‌ ھە‌ڵپە‌سێردراوە‌كانی نێوان ھە‌رێم و حكومەتی ناوەندی بەغدا، بە‌تایبە‌تیش لەبارەی دۆسیەكانی‌ بودجە‌ و نە‌وتەوە".

باس لەوەشکراوە، "حکومەتی هەرێم دووپاتی دەکاتەوە، چۆن پابەندبوو بە تەواوی بڕگەکانی یاسای بودجەی 2019، پابەندیش دەبێت بەو خاڵانەی کە لە لێگگەیشتنی 1ی کانوونی یەکەمی 2019، لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ رێككەوتنی لەسەركراوە".

ئەوەش لە کاتێکدایە، ماوەی چەند رۆژێکە شاندی هەرێم لە بەغدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان، کە لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بە نووسراوی فەرمی و بەهۆی رادەستنەکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێم بە بەغدا، پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عیراق راگرت (بلۆک) کرد و رێگە بە هەرێم نادرێت ئەو پارەیە بۆ دابەشکردنی مووچە بەکاربهێنێت، بەو هۆیەوە دابەشکردنی مووچە دواکەوتووە.

هــ. ر


PM:06:53:01/05/2020


ئه‌م بابه‌ته 2196 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت