تیمی یەکێتی لە حکومەت: مەسرور بارزانی هێرشێکی ناڕەوای کردوه‌تە سەر یەکێتی


وێستگه‌ نیوز ـ
تیمی یەکێتی لە حکومەتی هەرێم لە وڵامی قسەکانی مەسرور بارزانیدا رایگەیاند، "یەکێتی تاقم و دەستە نییە، بەڵکو حزبێکی کوردستانی سەرتاسەریە و دژی دوو ئیدارەییە".

ئەمڕۆ هەینی 17ی نیسانی 2020، تیمی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە حکومەتی هەرێم رایگەیاند، "بەشدارکردنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە کابینەی نۆیەمینی حکومەت لە چوارچێوەی رێکەوتنێکی سیاسی بوو، لەسەر بنەمای هاوبەشی لە بڕیار و بەڕێوەبردن و لە پێناو سەقامگیری سیاسی و هەڵگرتنی بەرپرسیاریێتی بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان".

راشیگەیاند، "ئەوەی بووەتە جێی سەرنج و تێڕامان پەیامەکەی بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانە، کە تیایدا هێرشێکی ناڕەوای کردووەتە سەر یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان".

ئاماژەی بەوەشكردووە، "یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان تاقم و دەستە نییە، حزبێکی تێکۆشەری خاوەن مێژوویەکی پڕ سەروەری و ئایندەیەکی گەشە، تیمی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، نوێنەرایەتی دید و ستراتیژ و تێڕوانینە نیشتیمانی و نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستان دەکات، لەو بارەیەوە یەکێتی هاوبەشی هەموو دەستکەوتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە".
 
تیمی یه‌كێتی ئه‌وه‌شی باسكردووه‌: "یەکێتی نیشتیمانی کوردستان حزبێکی کوردستانی سەرتاسەریە و دژی دوو ئیدارەییە و لە ئەستۆگرتنی بەرپرسیاریەتیمان لە کابینەی رابردوو و ئێستاشدا سەلمێنەری ئەو راستییەیە".

ده‌شڵێت: "تیمی یەکێتی لە حکومەت لەسەر بنەمای دەوڵەتداری ئەرکەکانی خۆی جێبەجێدەکات لە پێناو خزمەتکردنی هاوڵاتییاندا، بەڵام بە شانازییشەوە نوێنەرایەتی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دەکەین و لە چوارچێوەی بەرنامەی پەسەندکراوی حکومەت لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە کار دەکەین، بۆیە لەم بارودۆخە ناهەموارەدا، پێویستە حکومەت و دامەزراوە فەرمییەکانی تەرخان بکرێن بۆ خزمەتی هاونیشتیمانییانی هەرێمی کوردستان نەک ببن بەبەشێک لە کێشە سیاسیەکان".

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "لەم بارەیەوە تیمەکەمان نامەیەکی ناڕەزایەتی ئاڕاستەی بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە".

ئەوەش لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەبارەی‌ ئاڵۆزییەکانی‌ زینی‌ وەرتێ رایگەیاند، "بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکەین بە ڕواڵەت حکومەتی یەکگرتوو هەبێت و لە بەشێکی هەرێم دەسەڵاتداریی دیکە هەبێت و دژایەتی حکومەت بکەن".

هـ. ر


PM:10:24:17/04/2020


ئه‌م بابه‌ته 7968 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت