یه‌كێتی پێشوازی له‌ مسته‌فا كازمی ده‌كات

‌مسته‌فا كازمی

وێستگه‌ نیوز ـ

یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان پێشوازی له‌ كاندید كردنی مسته‌فا كازمی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌تی عیراق ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت، راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمیش بۆ پشتیوانی له‌ كازمی، دوای راوێژبووه‌ له‌گه‌ڵ هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی.


یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا رایگه‌یاند: "لە دوا كۆبوونه‌وه‌ی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانیی كوردستان،‌ له‌ رۆژی 2ی نیسانی 2020، یه‌كێك له‌ ته‌وه‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی گفتوگۆ، دیراسه‌كردن و پشتیوانی بوو له‌ مستەفا کازمی، ئه‌گه‌ر عه‌دنان زورفی له‌ به‌ربژێری بكشێته‌وه‌".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌: "دوای گفتوگۆکردن، لە کۆبونەوەکەدا ئه‌و پێشنیازه‌،پێشوازی لێکرا، ئێمه‌ کازمی بە دۆستی کورد دەزانین، و بەڵێنی داوە ئەگەر متمانەی بدەینێ بۆ بوون به‌ سەرۆك وەزیران، ئه‌وا ئەو مافانەی گه‌له‌كه‌مان ده‌پارێزێت کە لە دەستووری عیراقدا هاتووە و گەشە به‌ په‌یوه‌ندییه‌كان ده‌دات، لە چەند رۆژی رابردووش، مستەفا کازمی، پەیوەندی بە سەرۆک لاهورەوە کردوە و، داوای پشتیوانیی لێ كردووه‌".

راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش هاتووه‌: "‌هه‌ر په‌یوه‌ندار به‌م پرسه‌، ئه‌مڕۆ سه‌رۆكی هه‌رێم، كاك نێچیرڤان بارزانی، پەیوەندی بە سەرۆک لاهور شێخ جەنگی یەوە کردوە، و به‌ راوێژ له‌گه‌ڵ به‌ڕێزیان، دوای گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان دا، پشتگیری له‌ كازمی كراوه‌".

یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌: "به‌ لەبەرچاوگرتنی داواکاری ره‌وای خۆپیشاندەران و خواستی لایه‌نه‌ شیعه‌كان بۆ یه‌كده‌نگی و، لە سۆنگەی باوەربوون بە پێویستیی پێكه‌وه‌ ژیانی ئاشتیانه‌ بۆ دابین كردنی سه‌قامگیری و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كان، یه‌كێتیی نیشتمانیی به‌ پێویستی ده‌زانێت كه‌ حكومه‌تێكی به‌هێز و نیشتمانی و پابه‌ند به‌ ده‌ستوور به‌ زووترین كات له‌ به‌غدا په‌سه‌ند بكرێت و له‌م پێناوه‌شدا، ده‌ستپێشخه‌ر و پشتیوانه‌. هه‌ر لێره‌شه‌وه‌، یه‌كێتیی نیشتمانیی بانگهێشتی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان ده‌كات، كۆبونه‌وه‌یه‌كی فراوان بۆ یه‌كخستنی هه‌ڵوێسته‌كان، ببه‌ستین".

هاوكات هه‌ر ئه‌مڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا پشتیوانی سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی بۆ كاندید كردنی مسته‌فا كازمی ده‌ربڕی.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ عه‌دنان زوفی، سه‌رۆك وه‌زیرانی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی عیراق پێكهاته‌ی كابینه‌كه‌ی پێشكه‌شی په‌رله‌مان كردووه‌ و چاوه‌ڕوانی كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی عیراق ده‌كات.

هــ. ر


PM:08:36:08/04/2020


ئه‌م بابه‌ته 1852 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت