لیژنه‌ی ئۆپراسیۆنه‌كانی پارێزگای سلێمانی په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌

‌ د. هەڤاڵ ئەبوبەکر

وێستگه‌ نیوز ـ
پارێزگاری سلێمانی رایدەگەیەنێت، بەرنامەی پێویست و فریادڕەسی نوێیان وەک پارێزگای سلێمانی، پەرەپێدانی کەلتوری خۆپارێزیی و تاکپارێزییە، بەو مانایەی هەریەکێکیان ببنە پزیشکی خۆیان و ئەمە مەترسییەکانی سەر ژیانی هاوڵاتیان، بۆ دەرفەتەکانی ژیانەوە و ئاساییبونەوەی بارودۆخەکان دەگۆڕێت.


د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی و سەرۆکی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربونەوەی كۆرۆنا لە راگه‌یه‌ندراوێكدا ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 5ی نیسانی 2020، بڵاویكرده‌وه‌ ده‌ڵێت: "بۆئەوەی ژیان ئاسایی بکەینەوە و ژینگەی کارو چالاکیی رۆژانە دەستپێبکاتەوە، وادەخوازێت، تاک بە هۆشیاریی و هەستیارییەوە، خۆی خۆی بپارێزێت، دەوروبەرو کۆمەڵگایش سەرزەنشت و لێپرسینەوە لەگەڵ هەرکەسێکدا بکات، کە سەرپێچی و سەرکەشیی و بێباکیی لە خۆپارێزیی خۆیدا دەکات و، رێگە نەدەین هیچ کەسێک بەبێ رێکارو رێنماییە تەندروستییەکان، بەبێ دەستکێش و دەمامک، گوزەر بکات، کار بکات".

پارێزگاری سلێمانی ده‌شڵێت: "دەبێت خۆمان لە دروستکردنی قەرەباڵغی و بەریەککەوتن و تێکەڵاوبون، بپارێزین، بۆئەوەی خۆمان و مرۆڤایەتیش بپارێزین و داواش لە هەمو لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین، لەم پەیام و پلانە تەندروستییە مرۆییە نیشتمانییەدا پشتیوانمان بن و هانی ئەندام و لایەنگرو هەوادارو هەڵسوڕاوەکانیان بدەن بۆ (خۆپارێزیی و تاکپارێزیی)و پابەندبونی تەواو بە رێنماییە تەندروستییەکانەوە و پابەندبونی ئێوە، رێگای دوری دەربازبون لەم پەتایە، کورت دەکاتەوە و مەترسییەکانی سەر ژیانی هاوڵاتیان، بۆ دەرفەتەکانی ژیانەوەو بوژانەوەو ئاساییبونەوەی بارودۆخەکان دەگۆڕێت".

ئه‌م په‌یامه‌ی پارێزگاری سلێمانی له‌كاتێكدایه‌ تا ئێستا له‌ هه‌رێمی كوردستان 231 كه‌س تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، هه‌روه‌ك سێ كه‌سیش گیانیان له‌ ده‌ستداوه‌ و 85 كه‌سیش به‌ ته‌واوی چاكبوونه‌وه‌.

هــ. ر


PM:05:04:05/04/2020


ئه‌م بابه‌ته 6712 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت