تووشبوویەكی دیكەی كۆرۆنا لەسلێمانی گیانی لەدەستدا


وێستگە نیوز-

د.سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، كەسێك كە گیانی لەدەستدابوو پشكنینیان بۆ كردووە كۆرۆنای هەبووە.

ئەمشەو د.سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، كەسێك كە گیانی لەدەستدابوو، دوای ئەنجامدانی پشكنین بۆی، دەركەوتووە ڤایرۆسی كۆرۆنای هەبووە، بەپێی زانیارییەكانی وێستگە نیوز ئەو كەسە تەمەنی 61 ساڵە و پیاوە.

بەم جۆرە گیانلەدەستدراوانی كۆرۆنا لەشاری سلێمانی بوونە 3 كەس و زیاتر لە 100 كەسیش تووشبووی ڤایرۆسەكەن.

له‌لایه‌كی‌ دکتۆر هێرش سەیدسەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەو کەسە پیاوێکی تەمەن 61 ساڵە و دانیشتووی گەڕەکی کانی ئاسکانی سلێمانییە. پێشتر نەخۆشی شەکرەی هەبووە و بەتەنیا لە ماڵەکەی خۆیدا ژیاوە".
 
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی دەشڵێت "ئەو پیاوە، دوو رۆژ بووە مۆبایلەکەی داخراوە، کاتێک کەسوکارەکەی چوونەتە ماڵەکەی، بە مردووی بینیویانە، دواتر براوەتە پزیشکی دادیی و لەوێ سامپڵی لێوەرگیراوە دەرکەوتووە تووشبوونی کۆرۆنا بووە و گیانی لەدەستداوە".
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، تیمەکانی خۆپاراستنی سلێمانی نموونەی خوێنی سێ کەسیان لە بنەماڵەی مردووەکە وەرگرتووە کە چوونەتە سەر پیاوەکە و لە چەند کاژێری داهاتوودا ئەنجامی پشکنینەکانی ئەوانیش دەردەکەوێت.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 04-04-2020 گیانلەدەستدانی کەسێکی دیکە لە هەرێمی کوردستان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیێندرا و بەمەش ژمارەی گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان بۆ 3 کەس بەرزبووەتەوە کە سەرجەمیان لە پارێزگای سلێمانین، هەروەها تاوەکو ئێستا 214 کەس تووشی ڤایرۆسکە بوون و 74 کەسیش چاکبوونەتەوە.


PM:08:51:04/04/2020


ئه‌م بابه‌ته 2496 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت