بەرپرسێكی who بۆ وێستگە نیوز: تائێستا دۆخی كۆرۆنا لەكوردستان لەژێر كۆنتڕۆڵە


وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال

بەرپرسێكی رێكخراوی تەندروستی جیهانی رایدەگەیەنێت، تائێستا دۆخی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەكوردستان لەژێر كۆنتڕۆڵە، بەڵام ئایا خەڵك دەتوانێت لەماڵەكانیان نەیەنە دەرەوە و بەردەوام بن ئەوە گرنگە.

د.نەجمەدین حەسەن، بەرپرسی نوسینگەی سلێمانی رێكخراوی تەندروستی جیهانی بە وێستگە نیوزی راگەیاند، تائێستا ژمارەی تووشبوانی كۆرۆنا لەكوردستان زۆر نییە و 78%یشیان بەركەوتەن و دوو كەسیش گیانیان لەدەستداوە كە نەخۆشی دیكەیان هەبووە و تەمەنیشیان هەبووە، بەڵام دەبێت خەڵك پابەندی رێنماییەكان بن و لەقەرەباڵغی دوور بكەونەوە.

ناوبراو وتی "مەترسییەكە ئەوەیە ئایا دوای 10ی نیسان حكومەتی هەرێم قەدەغەی هاتووچۆ درێژ دەكاتەوە یان نا؟، ئایا خەڵك دەتوانێت لەماڵەكانیان نەیەنە دەرەوە و بەردەوام بن ئەوە گرنگە، ئایا ژمارەی ئەو پشكنینانەی كراون بەسە یان دەبێت پشكنینی دیكە بكرێن ئەوەش زۆر گرنگە، ئایا خەڵك تووشی نەخۆشییەكە بووبێت و كەس ئاگای لێ نەبێت، چونكە زۆر لەكەیسەكان تائێستا هیچ نیشانەیەكیان نییە". 

سەبارەت بەوەی لەكوردستان ژمارەكە بگاتە چەندێك دەبێت مەترسی، د.نەجمەدین روونیكردەوە "ئەوە ناكرێتە پێوەر، بۆ نموونە ژمارەی تووشبوانی وڵاتی كۆریا گەیشتە نزیكەی نۆ هەزار كەس، بەڵام ژمارەی مردووشیان كەمبۆوە و توانییان كۆنتڕۆڵی بكەن، بۆیە تائێستاش لەكوردستان دۆخەكە لەژێر كۆنتڕۆڵدایە". 

حكومەتی هەرێم بۆ خۆپارێزی زیاتر لەڤایرۆسی كۆرۆنا ئەمڕۆ رێكارێكی نوێی لەقەدەغەی هاتووچۆ گرتەبەر ئەویش بەداخستنی سەرجەم شوێنەكان بۆ ماوەی 48 كاتژمێر.


PM:07:26:04/04/2020


ئه‌م بابه‌ته 2184 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت