هه‌فته‌یه‌كی‌ هه‌ستیار چاوه‌ڕوانی‌ كه‌نه‌دایه‌

‌ کەنەدا .. ڕێژەی گیان لەدەستدانەکان لە سەدا 21 زیادیکردووە،

وێستگه‌ نیوز- رویته‌رز-voa


بەرپرسێکی باڵای کەنەدا رایگه‌یاند وڵاتەکە ڕووبەڕووی " هەفتەیەکی هەستیار " دەبێتەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا، ئەمە لەکاتێکدایە ژمارەی گیان لەدەستدانەکان بەهۆی ڤایرۆسەکەوە لە کەنەدا لە هەڵکشاندایە و زۆرێک لە شارە قەرەباڵغەکانی وڵاتەکە وتیان دانیشتوان دەبێت خۆیان ئامادە بکەن بۆ خراپترین سیناریۆ.

تەندروستی گشتی کەنەدا ئاماژەی بەوەدا ڕێژەی گیان لەدەستدانەکان بەهۆی ڤایرۆسەکەوە لە سەدا 21 زیادیکردووە، ڕۆژی چوارشەممە 105 حاڵەتی گیان لەدەستدان هەبووە، بەڵام ڕۆژی پێنجشەممە 127 کەس بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە، هەروەها ژمارەی توشبووانیش لە 9,017 حاڵەتەوە بەرزبۆوە بۆ 10,132 حاڵەت.

جێگری سەرۆک وەزیری کەنەدا کریستیا فریلاند بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئەمە هەفتەیەکی هەستیارە لە شەڕمان دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا."

دەزگای تەندروستی کەنەدا نیگەرانە لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نێو خەڵکە بەتەمەنەکاندا، لەو شارانەدا کە ژمارەی دانیشتوانیان زۆرە، لەوانەش ئۆنتاریۆ و کیوبێک و بریتیش کۆڵۆمبیا.

دەزگاکە پێشبینی زیادبوونی ژمارەی توشبووان دەکات لە ئۆنتاریۆ، کە ژمارەی دانیشتوانەکەی سێ یەکی ژمارەی دانیشتوانی سەرتاسەری کەنەدا پێک دەهێنێت.

سەرۆکی ئۆنتاریۆ داوگ فۆرد وتی " بۆ هەندێک خەڵک قورسە گوێی لەمە بێت، بەڵام دەبێت ڕاستگۆ بم لەگەڵ خەڵکدا، ڕاستگۆش دەبم، سبەینێ خەڵک ژمارەیەکی زۆر توشبوو دەبیستێت."

کاربەدەستانی گەورەترین شاری کەنەدا تۆرۆنتۆ ئاماژەیان بەوەدا خەڵکی شارەکە پابەندی قەدەغەکردنی هاتوچۆ نین.

فۆرد لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە تۆرۆنتۆ وتی " نابێت کەنار دەریاکان و پارکەکان پڕ بن لە خەڵک."

سەرۆکی کیوبێک فرانسوا لیگۆڵی داوای لە پۆلیسی شارەکە کرد " لێبووردەییان کەم بکەنەوە " کاتێک مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسانەدا دەکەن کە ڕێنماییەکان پێشێل دەکەن و لە ماڵەکانیان نامێننەوە. وتیشی ئەوانەی ڕێوشوێنەکان پێشێل دەکەن لە 1000 دۆلارەوە بۆ 6000 دۆلاری کەنەدی غەرامە دەکرێن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز


AM:11:39:03/04/2020


ئه‌م بابه‌ته 1756 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت