پاشای تایلەند لەگەڵ 20 کچ و ژن لە ئەڵمانیا خۆی کەرەنتین کردووە

‌هه‌نگاوه‌كه‌ی‌ پاشه‌ تووڕه‌بوونی‌ به‌دوای‌ خۆیدا هێناوه‌


وێستگه‌ نیوز- ڕووداو

پاشای تایلەند نزیکەی 20 کچ و ژنی لەگەڵ خۆی بردووە بۆ باشووری ئەڵمانیا و لە ئوتێلێکی گەورەی هەرێمی باڤاریا خۆی کەرەنتین کردووە. 
 
پاشا ماها ڤاجیرالۆنگکۆرن هەموو ژوورەکانی ئوتێلی "گراند هۆتێل سۆنینبیچڵ"ـی سەدەی 19ی زاینی لە باڤاریا گرتووە و دەیەوێت تاوەکو ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆتاییدێت لەوێ لەگەڵ ئەو کچ و ژنانە بمێنێتەوە. 
 
سەرەتا پاشا ژمارەیەکی زۆر کەسی لەگەڵ خۆی بردبوو، بەڵام دوای ئەوەی بڵاوبوەوە تووشبووی کۆرۆنایان تێدایە، 119 کەسیانی ناردەوە بۆ تایلەند و ئێستا لەگەڵ ئەو کچ و ژنانە لەوێ ماوەتەوە. 
 
پاشای تایلەند ماڵێکی لە ئەڵمانیا هەیە و زۆر جار کاتێکی زۆری خۆی لەوێ بەسەر دەبات. 
 
هەنگاوەکەی پاشا توڕەبوونی خەڵکی وڵاتی لێکەوتووەتەوە. هەرچەندە یاسایەک هەیە لە تایلەند کە رەخنەگرتن لە پاشا بە تاوان دەناسێنێت و رەخنەگر تووشی سزای تووندی لەو جۆرە دەکات کە دەکرێت 15 ساڵ زیندانی بکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا دەیان هەزار کەس لە رێگەی ئۆنلاینەوە توڕەیی خۆیان دەربڕیووە. 
رستەی "ئێمە پاشامان بۆ چییە؟" تاوەکو ئێستا زیاتر لە 1.2 ملیۆن جار توویتکراوە. 
 
وەزیری کۆمەڵگەی تایلەندیش هۆشداریی داوەتە خەڵک لە رەخنەگرتن لە پاشا. 
 
رۆژی 1ی ئادار یەکەمین تووشبووی کۆرۆنا لە تایلەند تۆمارکرا و ئێستاش ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لەو وڵاتە گەیشتوەتە نزیکەی 720 کەس.


AM:12:54:30/03/2020


ئه‌م بابه‌ته 3288 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت