فڕۆكەخانەی سلێمانی : هەندێك پەیج و ناوەندی میدیایی بەردەوامن لە بڵاوكردنەوەی هەواڵی ناڕاست

‌فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی

وێستگه‌ نیوز-
ئەمڕۆ سێشەممە 24ی ئازاری 2020، فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لە رونكردنەوەیەكدا كە وێنەیەكی بۆ وێستگەنیوز ناردووە، تێیدا هاتووە "لەكاتێكدا هەرێمەكەمان بە بارودۆخێكی دژواری رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دا تێپەڕدەبێت، بەداخەوە كەسانێكی نابەرپرس و هەندێك پەیج و ناوەندی میدیایی بەردەوامن لە بڵاوكردنەوەی هەواڵی ناڕاست و چەواشەكاری كە بوونەتە سەرچاوەیەكی خراپ بۆ دروستكردن و بڵاوكردنەوەی ترس و دڵە راوكێ لای هاونیشتمانیانمان" .

ئاماژەی بەوەشداوە "بۆ رای گشتی رادەگەیەین كە لەسەرەتایی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنـــاوە لە سۆنگەی هەستكردن بە بەرپرسیاریەتی و بۆ پاراستنی ئاسایشی تەندروستی هاونیشتمانیانمان فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بەهەمەئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی یەكەم هەنگاوی نا بۆ دروستكردنی كەرەنتینە لە هەرێمی كوردستان و عێراقدا و لە 29/1/2020 ‌دەستپێشخەری كرد".

فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، ئەوەشی خستۆتەڕوو "لەناو فڕۆكەخانەدا بینایەكمان ئامادەكرد تایبەت بەكەرەنتینەكردنی ئەو هاوڵاتیانەی كە لە وڵاتی (چین)ەوە دەگەڕانەوە، هەر ئەوكاتەش هەندێك لەو ناوەندی میدیایانەی ئێستا  بەردەوام لە هەوڵی بڵاوكردنەوەی هەواڵی چەواشەكاریدابوون و ‌ گرنگی بابەتە‌كەیان بەشێوەیەكی تر پێوانە دەكرد".

لە رونكردنەوەكەدا، باس لەوەشكراوە "ئەوەی لێرەدا مەبەستمانە زیاتر تیشكی بخەینەسەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لە ژێر بڕیار و بەیانەكانی لیژنەی باڵای رووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كاردەكات و هەر بڕیار و بەیانێك لەوانەوە دەرچووبێت دەستبەجێ لە فڕۆكەخانەدا جێبەجێكراوە".

‌فڕۆكەخانەی سلێمانی، هێمای بۆ ئەوەشكردووە "بەداخەوە دوێنێ 23/3/2020 لە راگەیاندنی توشبوانی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستاندا یەكێك لە توشبووەكان دانیشتووی شارۆچكەی دەربەندیخانی ئازیزە، وێڕای دڵگرانیمان بە تووشبوونی ئەو هاونیشتمانییە و تەواوی تووشبووانی تر هیوای هەرچی زووتر چاكبوونەوەیان بۆ دەخوازین ، ئەو بەڕێزە لە 6/3/2020 لە ڕێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی یەوە گەڕاوەتەوە و لەلایەن تیمەكانی تەندروستی یەوە پشكنین بۆ ئەو و سەرجەم سەرنشینەكانی تری ناو فڕۆكەكە كراو".

جەختیشیان كردۆتەوە "لەو رێكەوتە‌دا هیچ فەرمانێكی لیژنەی باڵا نەبووە بۆ كەرەنتینەكردنی هەر هاوڵاتیەك كە لەووڵاتانی ئەوروپاوە دەگەڕانەوە، جگە لە وڵاتی ئیتاڵیا، ‌ ئەمە لەكاتێكدا كە تەواوی سەرنشینەكانی ناو فڕۆكەكە هیچ ئاماژەیەكی توشبوون بە ڤایرۆسیان نەبووە و فڕۆكەخانەش‌ بەبێ بوونی فەرمان ناتوانێت رێگری لە هیچ گەشتیارێك بكات كاتێك لە پشكنین دەردەچن و هیچ كێشەیەكیان نەبێت".

فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دووپاتیشی كردۆتەوە "دڵنیایی دەدەینە هەموولایەك ئەم هەواڵە ناڕاست و چەواشەكاریانە دوورن لە راستییەوە و هەموو ئەو پەلاماردانانە نــەك ساردمان ناكاتەوە، بەڵكـــو تـــاوی زیاترمان دەدات بۆ خزمەتكردنی گشتی و خۆماشمان بەراورد ناكەین بە هیچ شوێنێك و هیچ كەسیش بە دڵسۆز و خەمخۆرتر نازانین و باشتریش وایە ئەو پەیج و ناوەندە میدیایانە ووردتر بڕوانن كە كەسێك ماڵی لە شووشەبێت ناكرێت بەرد بگرێتە شوێنی تر" .


PM:03:15:24/03/2020


ئه‌م بابه‌ته 2976 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت