وەزارەتی پەروەردە: لەمەودوا سەرجەم وانەکان بەشێوەی ئەلیکترۆنی لەبەردەستی خوێندکاران و مامۆستایانە



وێستگە نیوز- 

وەزارەتی پەروەردە و وەزیری پەروەردە ڕایدەگەیەنن بەپێی پڕۆگرامێکی نوێوە کە لە ٢٠١٩ وە ڕاگەیەندراوە، لەمەودوا سەرجەم وانەکان بەشێوەی ئەلیکترۆنی لەبەردەستی خوێندکاران و مامۆستایانە.  

وەزارەتی پەروەردە لە لاپەڕەی فەرمیی خۆی و وەزیری پەروەردە لە پەیجی فەرمیی خۆی ئاگادارییەکیان لەبارەی هەورە فێرگە بۆ مامۆستایان و قوتابیان بڵاوکردووەتەوە و لەبارەی ئەپڵیکەیشنی هەورە فێرگەوە دەڵێن "گشت وانەکانی خوێندن لە لەپی دەستانە بەبێ ئینتەرنێت".
 
ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی هەورە فێرگەوە دەڵێت "لە 18-11-2019 پرۆژەی هەورە فێرگەمان راگەیاند کە پرۆژەیەکی فێرکاریی ئەلکترۆنییە، تاوەکو ئێستا 70 هەزار و 353 قوتابی و خوێندکار لەگەڵ مامۆستایان بوونەتە ئەندام لە پرۆژەکە، زیاتر لە 843 هەزار جاریش لە ماوەی سێ مانگی رابردوو سەردانی وێبسایتەکە کراوە".
 
ئێستا هەورە فێرگە لەسەر سیستەمەکانی (ئەندرۆید ـ ویندۆز ـ IOS) بەردەستە، بۆ سوودمەندبوون لە بەرنامەکەش یەک جار پێویستت بە ئینتەرنێتە بۆ داگرتنی (داونلۆدکردنی)، دواتر دەتوانرێت ئەپڵیکەیشنەکە بە ئۆفلاین، واتە بەبێ ئینتەرنێت، بەکاربهێنرێت.
 
لە هەورە فێرگە مامۆستایان و قوتابیانی قۆناغی یەکی بنەڕەتی تاوەکو 12ی ئامادەیی دەتوانن سوودمەندبن لە پەرتووکەکانی خوێندن و شیکردنەوەی وانەکان بە شێوەی ڤیدیۆیی، وانەکان سەرجەمیان بە ڤیدیۆ و بە فایلی PDF لەم ئەپڵیکەیشنە بەردەستن.
 
هەر لە هەورە فێرگە، خوێندکار و قوتابیان دەتوانن چەندین پرسیار دابنێن و خۆیان تاقیبکەنەوە، جیا لەوەی وێبسایتی هەورە فێرگە (www.hrf.one) بە بەردەوامی نوێکاریی تێدا دەکرێت.


PM:04:03:24/02/2020


ئه‌م بابه‌ته 5272 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت