دەستەی ئامادەکاریی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکەی رۆژی شەممە داواکارییەکانیان ڕاگەیاند



وێستگە نیوز- 
دەستەی ئامادەکاریی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکەی رۆژی شەممە داواکارییەکانیان ڕاگەیاند. 

لە ڕاگەیەندراوێکدا دەستەی ئامادەکاری خۆپیشاندان دەڵێن، " دەستەبەجێ پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ هەمووارکردنەوەی یاسای بەناو چاکسازی کە کەمترین مووچەی هاوڵاتی ٥٠٠ هەزار بێت". 

دەقی داواکارییەکان: 

ئێمە وەک ڕێکخەرانی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکەی رۆژی شەممە، کۆمەڵێک داواکاری خۆپیشاندەران و هاولاتییان دەخەینە ڕوو، کە بریتین لە :

یەکەم. چارەسەرکردنی دەستبەجێی کێشەی سوتەمەنیی و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی هاوڵاتییان، وەک کارەبا، نەوت، غاز و ئاو و تادوایی. چونکە دەبێت ئەولەویەتی کاری دەسەڵات بۆ ژیان و گوزەرانی خەڵک بێت، نەک بۆ کۆمپانیاکانی دەسەڵات.

دووەم. دۆزینەوەی هەلی کار و دامەزراندنی گەنجان و بێکاران و دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان،وە هەروەها دامەزراندنی فەرمانبەری کاتی و مامۆستای گرێبەست و خۆبەخشەکان بە شێوەی هەمیشەیی.

سێیەم. دەستبەجێ هەڵگرتنی باج و بارگرانیی لەسەر دوکانداران و کاسبکاران.

چوارەم. دەستبەجێ هەموارکردنەوەی یاسای بەناوچاکسازیی بەجۆرێک کەمتریین موچەی خانەنشینیی کەمئەندامان و هاوڵاتییان 500 هەزار بێت، و موچەی پلەباڵاکانی وەکو پەرلمانتار و وەزیر و کەسە حیزبییەکان هەڵبوەشێتەوە.

پێنجەم. دەستبەجێ پێکهێنانی لیژنەیەک لە یاساناسان و خەڵکانی تایبەتمەند لەنێو جەماوەر و هاوڵاتییانی کوردستان کە لە داهاتی نەوت، خاڵەسنوورییەکان و ناوخۆ بکۆڵێتەوە و بۆ رای گشتیی ئاشکرا بکات کە چەندە و بۆکوێ دەڕوات و دەچێتە گیرفانی کێ.

شەشەم. دەستبەجێ دانانی ئالیەتێک بۆ گێڕانەوەی موچەی پاشەکەوتکراوی فەرمانبەران بەجۆرێک کە هەر فەرمانبەرێک مانگانە لەسەروو موچەکەیەوە بڕێک لە پاشەکەوتەکەی وەربگرێتەوە.

داواکارین لەو چین و توێژانەی کە هەست دەکەن مافیان خوراوە یاخود وەک پێویست دەسەڵات بەدەم داواکانیانەوە نایەت، ئەوا رۆژی شەممە ئامادە بن لەو خۆپیشاندانەی کە داکۆکی لە مافی ئەوان دەکات.

دەستەی ئامادەکاریی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکەی رۆژی شەمە
٢٠٢٠/٢/٢٢





PM:03:31:19/02/2020


ئه‌م بابه‌ته 4780 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت