كه‌ناڵی حوڕه‌: 32 هه‌زار به‌رپرس له‌ عیراق مووچه‌ له‌ ئێران وه‌رده‌گرن


وێستگه‌ نیوزـ

ئه‌نجومه‌نی مقاومه‌ی نیشتمانیی ئێران و رێكخراوی موجاهدینی خه‌لقی ئێران به‌پێی چه‌ند به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك ئاشكرایان كردوه‌ كه‌ 32 هه‌زار بةرثرسي سةربازي و ئةمني و سياسي له‌ عیراق مووچه‌ له‌ ئێران وه‌رده‌گرن.

ناوه‌ڕۆكی به‌ڵگه‌نامه‌كان له‌ سایتی كه‌ناڵی حوڕه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و تیایدا ناو گه‌وره‌ سه‌ركرده‌كانی گروپه‌ چه‌كداره‌كانی عیراق سه‌ركرده‌ ئه‌منییه‌كان و چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی نوێنه‌ری ره‌وته‌ سیاسییه‌كان و ته‌نانه‌ت وه‌زیره‌كانیش هاتووه‌، له‌وانه‌:

ئەبومەهدی موهەندیس
 فەرماندەی پێشووی كەتیبەكانی حزبوڵا و جێگری پێشووی سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی كە سەرەتای مانگی رابردوو لە هێرشێكی ئاسمانی ئەمریكادا لەگەڵ قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە فڕۆكەخانەی بەغدا  كوژرا، موهەندیس لە ساڵی 1984ەوە تا كاتی كوژرانی، لەگەڵ سوپای پاسداراندا كاری دەكرد.



هادی عامری
 سەرۆكی رێكخراوی بەدر كە بە جێگرەوەی موهەندیس دادەنرێت بۆ رێبەرییكردنی كەتیبەكانی حزبوڵا و یەكێكیشە لەو كەسایەتییانەی ناویان بۆ سەرۆكایەتیكردنی حەشدی شەعبی دەهێنرێت لە بری فالح فەیاز، عامری سەرۆكی هاوپەیمانی "فەتح"ە كە بە دووەم گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی عێراق دادەنرێت و پەیوەندییەكی بەهێزیشی لەگەڵ قاسم سولەیمانی هەبوو.



ئەبو مستەفا شەیبانی
 سەركردە لە حەشدی شەعبی كە ئێستا راوێژكاری ئاساییشی وەزیری ناوخۆی عێراقە. رۆڵی هەبوو لە دروستكردنی كەتیبەكانی حزبوڵا لەگەڵ ئەبومەهدی موهەندیسدا، شەیبانی ناوی دەهێنرێت بۆ وەرگرتنی سەرۆكایەتی حەشدی شەعبی و لە ساڵی 1986ەوە پەیوەندی لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێراندا هەیە. 




ئەبوعەلی بەسڕی
 جێگری سەرۆكی حەشدی شەعبی. ناوی لە بەڵگەنامەكاندا بە عەدنان ئیبراهیم موحسین هاتووە و ناوە ئێرانییەكەشی موحسینی عەدنانە. لە دوای كوژرانی ئەبومەهدی موهەندیس كرا بە جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، پێشتر فەرماندەی ئۆەپراسیۆنەكانی حەشدی  شەعبی بوو و یەكێكیشە لە سەركردە دیارەكانی رێكخراوی بەدر كە هادی عامری سەرۆكایەتی دەكات.




ئەبومونتەز محەمەداوی
 یەكێكە لە فەرماندەكانی رێكخراوی بەدر و لە لیستی مووچەی ئێراندا ناوی بە محەمەد محەمەداوی هاتووە. محەمەداوی ساڵی 2015 و لە كاتی هێرشكردنە سەر دانیشتووانی فەللوجە ناسرا كە شارێكی سوننەنشینە، محەمەداوی لە ساڵانی هەشتاكانی سەدەی رابردوودا لەگەڵ خێزانەكەی چوونە ئێران و لە ساڵی 1984یشەوە پەیوەندی كرد بە رێكخراوی بەدەرەوە.




سەلام دیراوی
 فەرماندەی فەیلەقی  بەدر لە پارێزگای بەسڕە. لە ساڵی 1991ەوە پەیوەندی كردووە بە رێكخراوی بەدرەوە و خۆیشی وا دەناسێنێت كە لەلایەن هێزەكانی بەسیجی ئێران مەشقی پێكراوە.




محەمەد مەهدی بەیاتی
 وەزیری مافەكانی مرۆڤ لە كابینەی حكومەتەكەی حەیدەر عەبادی. ئەمیش یەكێكە لەو كەسانەی كە ناوی لە لیستی مووچەخۆرانی ئێراندایە.




ئەبوئەحمەد راشد
 ساڵی 2014 وەزیری پەیوەندییەكانی عێراق بوو، دواتریش پۆستی پارێزگاری بەسڕەی پێدرا.  ئەبوئەحمەد لە ساڵی 1991ەوە مووچە لە ئێران وەردەگرێت و فەرماندەیەكی سەربازیی و پاشان فەرماندەی هەواڵگری سەربازیی فیرقەی حەیدەر كەرار بووە.




قاسم ئەعرەجی
 فەرماندە لە فەیلەقی بەدر. ئەعرەجی لە كابینەی پێشوودا وەزیری ناوخۆی عێراق بوو و لە ساڵی 1988ەوە پەیوەندیكردووە بە هێزەكانی سەر بە ئێران مووچە لەو وڵاتە وەردەگرێت.


PM:10:29:04/02/2020


ئه‌م بابه‌ته 3800 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت