حكومەتی هەرێم: هەندێ کەسی دەستڕۆیشتوو لە گەرمیان و سلێمانی نایەڵن گاز بێتە هەولێر و دهۆک


وێستگە نیوز-
بەهۆی گرانبوونی غاز، حكومەتی هەرێم راگەیەندراوێكیبڵاو كردەوە و دەڵێت: هەندێ کەسی دەستڕۆیشتوو لە گەرمیان و سلێمانی نایەڵن گاز بێتە هەولێر و دهۆک.

حكومەتی هەرێم لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە "لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمەوە، وەک وەڵامدانەوە بۆ داواکاریی ڕەوای هاووڵاتییان لە ئەنجامدانی چاکسازی و گرتنەبەری شەفافییەت لە کاروباری حکومیدا، بڕیاردرا گشت گرێبەستی کۆمپانیاکان لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییەکان و بە پێی پرۆسەی بەتەندەرکردن بێت".
 
دەشڵێت "لەم چوارچێوەیەدا بابەتی گواستنەوەی گاز لە کۆمپانیای داناغازەوە بۆ پارێزگاکانی هەرێم، کە لە لایەن کۆمپانیایێکەوە قورخ کرابوو، کرایە تەندەر و دوای ئەوەی بۆ کۆمپانیایەکی دیکە دەرچوو و بڕیا بوو لە سەری ساڵی نوێوە دەستبەکار ببێت، بەڵام لە لایەن چەند کەسێکی دەستڕۆیشتووی سنووری گەرمیان و سلێمانی رێگرییان لێ کراوە و وەک کارتێکی فشار رێگەیان نەداوە بەشە گازی شلی هەولێر و دهۆک وەک پێویست بگات ، ئەوەش بووە هۆی گرانبوونی نرخی گاز لەو دوو پارێزگایە".
 
حكومەتی هەرێم راشیگەیاندووە "لەم دوو رۆژەی ڕابردووشدا کەسانی ئاماژەپێکراو بە هێزی چەکدار و توندوتیژی نواندن بەرامبەر بە کۆمپانیاکە، هێندەی دیکە دۆخەکەیان ئاڵۆز کردووە".

لە كۆتایدا جەختدەكاتەوە "وێڕای ئاگادار کردنەوەی هاووڵاتییانی خۆشەویستمان لەم کێشەیە، دڵنیایان دەکەینەوە کە حکومەتی هەرێم لە هەنگاوەکانی چاکسازی پاشگەز نابێتەوە و هەموو رێکارە یاساییەکان دەگرێتەبەر بۆ ئەوەی قورخکاران و مافیاکان رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە".

د.ح
 


PM:02:00:02/02/2020


ئه‌م بابه‌ته 3372 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت