ئێران كوژرانی پلاندانەری پڕۆسەی كوشتنی قاسم سولێمانی راگەیاند


وێستگە نیوز-
میدیای فەرمی ئێران رایگەیاند ئەو كەسەی لە پشت دانانی پلانی كوشتنی قاسم سلێمانییەوە بووە دوێنێ لە ئەفغانستان لەو فڕۆكەدا كوژراوە كە لە ناوچەی غەزنی كەوتە خوارەوە.


بە پێی زانیاریەكانی تەلەفزیۆنی ئێران مایكل داندریا كە ئێران نازناوی "ئایەتوڵڵا مایك"ی لێ ناوە لە فڕۆكەكەی دوێنێی ئەمریكادا بووە كە لە ناوچەی غەزنی كەوتە خوارەوە و بزوتنەوەی تاڵیبان بەرپرسیارێتی خۆی لێ راگەیاند.

تەلەفزیۆنی ئێران ئەوەشی راگەیاندووە "مایكڵ داندریا لە پشت پلانی كوشتنی قاسم سلێمانییەوە بووە، هەروەها لە پشت كوشتنی عیماد موغنیەی سەركردەی حزبوڵڵای لوبنانەوە بووە كە 2008 لە سوریا كوژرا".

دوێنێ زەبيحوڵا موجاهید وتەبێژی بزوتنەوەی تاڵیبان رایگەیاند "ئەو فڕۆكە ئەمریكییەكەی كە لە ناوەڕاستی ئەفغانستان كەوتە خوارەوە ئەوان لە پشتیەوە بوون" ، بە پێی زانیاریەكان فڕۆكەكە لە جۆری "ئەی 11 " بووە و سەرجەم سەرنشینەكان ئەفسەری هەواڵگری ئەمریكی بوون، بەڵام بەرپرسانی ئەمریكا رەتیان كردەوە فڕۆكەكە لەلایەن تاڵیان لایەنی دیكەوە خرابێـتە خوارەوە، بەڵكو پێان وایە بە هۆكاری تەكنیكییەوە كەوتۆتە خوار.  

داندریا كە تەمەنی 62 ساڵە ئەفسەری هەواڵگری ئەمریكایە و ساڵی 2017 ئەركی بەڕێوبردنی دۆسیەی هەردوو وڵاتی عیراق و ئەفغانستانی لە ئەستۆ گرتووە، هەروەها كەسی یەكەم بووە لە گەڕان بە شوێن ئوسامە بن لادن سەرۆكی پێشووی رێكخراوی ئەلقاعیدە.

د.ح
 


PM:04:04:28/01/2020


ئه‌م بابه‌ته 6784 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو