نێچیرڤان بارزانی: نابێت عیراق بکرێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێی هێزە نێودەوڵەتییەکان

‌نێچیرڤان بارزانی

وێستگه‌ نیوزـ

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی سه‌باره‌ت به‌ هێرشكردنه‌سه‌ر باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ به‌غدا بڵاوكرده‌وه‌ و وێڕای ئیدانه‌كردنی ئه‌و هێرشانه‌، راشیگه‌یاند كه‌ نابێت عیراق بکرێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێی هێزە نێودەوڵەتییەکان

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یدا كه‌ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 27ی كانونی دووه‌می 2020 بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌ كه‌ دووبارەبوونەوە و بەردەوامیی ئەو هێرشانە لێکەوتە و ئەنجامی‌ خراپیان بۆ سەر وڵات دەبێت.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ده‌ڵێت "نابێت عێراق بکرێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان.
 
شه‌وی رابردوو پێنج موشەک ئاراستەی ناوچەی سەوزی بەغدا کران و هەندێک سەرچاوەی ئەمنی باس لەوە دەکەن کە سیان لە موشەکەکان کەوتوونەتە نێو باڵیۆزخانەی ئەمریکا.

دەقی راگەیه‌ندراوەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:

ئیدانەی‌ ئەو هێرشە مووشەکییە دەکەین کە شەوی‌ رابردوو باڵیۆزخانەی‌ ئەمەریکای‌ لە بەغدا کردە ئامانج. ئەم کردەوانە مەترسیی‌ راستەقینە لەسەر دۆخ و سەقامگیری‌ و بەرژەوەندییەکانی‌ عێراق دروست دەکەن، دووبارەبوونەوە و بەردەوامیشیان، لێکەوتە و ئەنجامی‌ خراپیان بۆ سەر وڵات دەبێت.

پاراستنی‌ ئاسایشی‌ باڵیۆزخانە و نێردە دیپلۆماتییەکان ئەرکی‌ لایەنە بەرپرسەکانە و نابێ ڕێگە بدرێت یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل بکرێن و دیپلۆماتکاران و نێردە دیپلۆماتییەکان بکرێنە ئامانج. دووپاتی‌ دەکەینەوە کە نابێت عێراق بکرێتە گۆڕەپانی‌ یەکلاکردنەوەی‌ ململانێی‌ هێزە هەرێمی‌ و نێودەوڵەتییەکان.

نێچیرڤان بارزانی‌
سەرۆکی‌ هەرێمی‌ کوردستان
27/1/2020


PM:11:55:27/01/2020


ئه‌م بابه‌ته 1580 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو