لە ڕووماڵی خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆی سەید صادق چۆن مامەڵە لەگەڵ میدیاكاراندا كرا؟

‌خۆپیشاندانی ئەمڕۆ لە سەید صادق

وێستگە نیوز- 

بەرپرسێكی دیاری ئاسایش لە سەید صادق زلەیەك لە پەیامنێری پەیام دەدات، هێزە ئەمنییەكان تیمی رۆژنامەوانی كەناڵی NRT دەستبەسەردەكەن، میترۆ رایدەگەیەنێت دەستبەسەركردنی رۆژنامەنوسان بە پاساوی روماڵكردنی خۆپیشاندانی بێ مۆڵەت كردەیەكی نایاساییەو بە توندی ئیدانەی دەكەن.

ئەمڕۆ دووشەمە بەشێك لە دانیشتوانی قەزای سەیدصادق( 6كم خۆرهەڵاتی سلێمانی)، بە مەبەستی دەربڕینی نارەزایەتی خۆپیشاندانێكیان رێكخست.

هۆشیار محەمەد پەیامنێری پەیام بە ماڵپەڕی سەنتەری میترۆی وتووە، " لە كاتی روماڵكردنی خۆپیشاندانەكە داوای باجمان لێكرا و پیشانماندان، داوایان لێكردین وێنە نەگرین و كامێراكە بكوژێنینەوە، قسەمان لەگەڵ كردن تا رێگەمان لێنەگرن وتی" بەڕێوەبەری ئاسایش زلـەیەكی لێدام و دواتر هێزەكە دەستگیریانكردم"

هۆشیار باسی لەوەشكرد كە تیمەكەیان براون بۆ ئاسایشی قەزاكە كەلوپەلەكانیان لێوەرگیراوە و هەموو گرتە و وێنەی تایبەت بە خۆپیشاندانەكانیان سڕیوەتەوە، جەختیكردەوە " دوو كاتژمێر لەئاسایش دەستبەسەر بووین"

هەروەها پاش روماڵی راستەوخۆی تیمێكی كەناڵی NRT (عومەر فەتاح، ژیار كامیل) دوو ئاسایش دێنە لایان، داوایان لێدەكەن لەگەڵیان بچنە ئاسایش "مودیر داواتان دەكات"

عومەر بە میترۆی وت" پێیان وتین ئەم فەوزایە چییە كە ئێوە دروستان كردوەو خەڵكتان هێناوەتە سەر جادە" عومەرلە وەڵامدا پێی وتون" ئێمە هاتین خەڵك لەسەرجادە بوون و ئێمە ئیشی خۆمان دەكەین"

هەروەها هەڕەشە لە پەیامنێری كەناڵی سپێدە ئیبراهیم حەمە صالح كراوە، كە نابێت وەك رۆژنامەنوس یان هاوڵاتی نزیكی خۆپیشاندانەكە ببێتەوە.

ئیبراهیم بە میترۆی وت" لە سێ لاوە پەیام و هەرەشەی جۆراوجۆرم بۆ نێردراوە نزیكی ئەو چالاكییە نەبمەوە چونكە ئازارم دەدەن".

سەنتەری میترۆ رایگەیاند دەستبەسەركردنی رۆژنامەنوسان بە پاساوی روماڵكردنی خۆپیشاندانی بێ مۆڵەت كردەیەكی نایاساییەو بە توندی ئیدانەی دەكەن.

"دەستبەسەركردنی راستەوخۆ تەنها لەكاتێكدا دەبێت كە كەسی دەستبەسەركراو لەو ساتەوەختەدا "تاوان"ێكی كردبێت ئایا رۆژنامەنوسانی سەید صادق لەو خۆپیشاندانەدا چ "تاوان"ێكیان ئەنجامداوە؟ بەداهێنانی كێ روماڵكردنی خۆپیشاندان تاوانە؟" میترۆ وا دەڵێت. 

میترۆ داوادەكات ژینگەیەكی ئارام و هاندەر بۆ میدیاكاران برەخسێنرێت و پارێزەرانی یاسا رێز لە یاسا بگرن.

سەنتەری میترۆ لە ئابی 2009 بە هەوڵی كۆمەڵێك رۆژنامەنوس و بەرگریكاری مافی مرۆڤەوە، بە هاوكاری رێكخراوی پەیمانگای رۆژنامەنوسانی جەنگ‌و ئاشتی IWPR ی ئەمریكی دامەزاروە، بە ئامانجی چاودێری رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی لە هەرێمی كوردستانی عێراق.



PM:07:39:27/01/2020


ئه‌م بابه‌ته 2004 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت