ناسنامەی ئەمیری نوێی داعش ئاشکرا کرا

‌فۆتۆ: گێتی

وێستگه‌ نیوز ـ
رۆژنامەی‌ گاردیان ناسنامەی ئەمیری نوێی داعشی‌ بڵاوکردەوە، کە خەڵکی‌ شاری موسڵە و ناوی‌ ئەمیر محەمەد عەبدولرەحمانی‌ سەلەبییە.


رۆژنامەكه‌ لە چەند سەرچاوەیەکی‌ دەزگای‌ هەواڵگری‌ عیراقەوە بڵاویکردووەتەوە، ئەمیری نوێی داعش یەکێکە لە دامەزرێنەرانی‌ رێکخراوی‌ داعش، دیارترین ئەو کەسانەبووە کە ئێزدییەکانی‌ باکوری‌ عیراقی‌ کردووەتە ئامانج لە کاتی‌ کۆنتڕۆڵکردنی‌ ناوچەیەکی‌ بەرفراوانی‌ خاکی‌ عیراق لە 2014دا.

بەپێی‌ زانیارییەکانی‌ دەزگای‌ هەواڵگری‌ عیراق، رێکخراوی‌ داعش دوای‌ کوشتنی‌ ئەبوبەکر بەغدادی‌ سەرکردەی‌ داعش لە ئۆکتۆبەری‌ رابردوودا، بەفەرمی‌ ئەمیر محەمەدی‌ داناوە بۆ سەرکردایەتیکردنی‌ رێکخراوەکە، کە بە نازناوی‌ عەبدوڵا قەرداشی یان ئەبوبەکر قورەیشی‌ بڵاوکراوەتەوە.

پێش کوژرانی‌ بەغدادیش، ماڵپەڕی (ئەعماق) کە زمانحاڵی فەرمی رێکخراوی داعشە باسی لەوە کردووە، ئەبوبەکر بەغدادی، سەلەبی‌، کە بە رەچەڵەک تورکمانە و خەڵکی قەزای تەلەعفەرە لە پارێزگای موسڵ، بۆ "راییکردنی کاروباری موسڵمانان" کاندیدکردووە.

باس لەوەشکراوە سەلەبی‌ لێکۆڵەرێکی‌ ئایینی‌ بووە  لە نێو رێکخراوی‌ داعش، و پلەی‌ لە نێو رێکخراوەکە بەرزبووەتەوە و بەردەوام رۆڵی‌ سەرکردایەتی‌ رێکخراوەکەی‌ بینیوە له‌ فڕاندنی‌ خەڵکانی‌ ئێزدی‌ و کوشتنیان.

پێشتر فازڵ رەغیف شارەزای کاروباری ئەمنیی عیراق ئاماژەی بەوە کردبوو، عەبدوڵا قەرداش لە زیندانی "بوکا" لە بەسڕە زیندانی بووە، هەروەها پێشووتریش یەکێکبووە لە سەرکردە دیارەکانی رێکخراوی قاعیدە و دەرچووی کۆلێژی ئیمام ئەعەزەم بووە لە موسڵ لەساڵی‌ 2004.


ئەوەشی خستووەتەڕوو، عەبدوڵا قەرداش یەکێکە لە کەسە نزیکەکانی ئەبو عەلا عەفری (جێگری بەغدادی و کەسی دووەمی داعش کە ساڵی 2016 کوژراوە).

ئاماژەی بەوەش کردووە، عەبدوڵا قەرداش لەناو داعشدا بە "کەسێکی دڵڕەق و زۆردار و توندڕەو" ناسراوە.

لە رۆژی 27ی ئۆکتۆبەری 2019، دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ھێزەکانی ئەمریکا لە شەوی 26 له‌سه‌ر 27ی ئۆكتۆبه‌ر، لە ئۆپراسیۆنێکی سەربازییدا، لە ناوچەیەک لە نزیک گوندی باریشەی نزیک بە شاری ئیدلیب، ئەبوبەکر بەغدادیان بە ئامانجگرتووە و کوشتوویانە. ئەوەشی وتبوو کە بەغدادی لە ناچارییدا خۆی تەقاندووەتەوە و دوو ھاوسەر و منداڵەکانیشی لەگەڵدا کوژراون.

هــ. ر


PM:12:10:21/01/2020




ئه‌م بابه‌ته 3132 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت