لەهێرشێکی موشه‌كیدا بۆ سەر بنکەی بەلەد چوار ئەندامی هێزەکانی عیراق برینداربوون


وێستگه‌ نیوز ـ
ژمارەیەک موشەکی جۆری کاتیۆشا ئاڕاستەی بنکەی ئاسمانی بەلەد لە پارێزگای سەڵاحەدین کراون و  چوار ئەندامی هێزە ئاسمانییەکانی عیراق برینداربوون.


شانەی راگەیاندنی ئەمنی عیراق رایگەیاند: چەند موشەکێک لە ناو بنکەی‌ ئاسمانی بەلەد کەوتوونەتە خوارەوە و بەو هۆیەوە چوار ئەندامی هێزە ئاسمانییەکانی عیراق برینداربوون.

راشیگەیاندووە: ئەو چوار بریندارە یەکێکیان پلەی ئەفسەری هەیە و سیانەکەی تریش سەربازی هێزە ئەمنییەکانن.

ئەوەشیان خستووەتەڕوو، بنکەکە بە هەشت موشەکی کاتیۆشا کراوەتە ئامانج.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ماوەی هەفتەی رابردوودا ئەمە سێیەمین جارە بە موشەکی کاتیۆشا هێرش دەکرێتە سەر ئەو بنکەیە.

بنكەی ئاسمانی بەلەد بەگەورەترین بنكەی سەربازی لە عیراق دادەنرێت و 64 كیلۆمەتر لە بەغدای پایتەختەوە دوورە، ئەو بنكەیە پێشتر ناوی بنكەی ئاسمانی بەكر بووە و لە ناوەڕاستی هەشتاكانی سەدەی رابردوو لەلایەن رژێمی پێشووی عیراقەوە دروستكراوە.


PM:07:17:12/01/2020


ئه‌م بابه‌ته 3752 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت