هه‌فته‌ی داهاتوو سیسمی نوێی تاكسی له‌ هه‌رێم جێبه‌جێ ده‌كرێت

‌کاری تاکسی یەکدەخرێتەوە

وێستگه‌ نیوز ـ
بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی گواستنەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بڕیارە هەفتەی داهاتوو سیستمی نوێی تاكسی لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكرێت، بەمەش دەتواندرێت كاری تاكسی رێك بخرێتەوە و كۆنتڕۆڵ بكرێت.


سەڵاح جەوهەر، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی گواستنه‌وه‌ی هه‌رێم رایگه‌یاند: هەفتەی داهاتوو سیستمی نوێی تاكسی لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێت، كە سوودی زۆری بۆ هەرێمی كوردستان هەیە، چونكە تاكسییەكان تۆمار و كۆنتڕۆڵ دەكرێن و جیا دەكرێنەوە لە ناوەوە و دەرەوەی شار، هەر تاكسییەكیش لە پارێزگایەك ئیش بكات، ناتوانێ لە پارێزگایەكی دیكە كار بكات.

وتیشی: "وەك هەنگاوی یەكەم هەفتەی داهاتوو پڕۆژەكە جێبەجێ دەكرێت بۆ رێكخستن و كۆنتڕۆڵكردنی ئیشوكاری تاكسییەكان لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان، چونكە بە جێبەجێكردنی ئەو سیستمە، رێگری لە سەرپێچییەكان دەكرێت و تاكسی هەیە خەتی هەیە، تەنها لە خەت كار دەكات و ئەوانەی ناوشاریش، بە هەمان شێوە تەنها لە ناوخۆ كار دەكەن".

ناوبراو بۆ ماڵپه‌ری فه‌رمی پارتی رەتیشی كردەوە، كە داوای گۆڕینی رەنگی تاكسییەكانیان كردبێت و باسی لەوە كرد، تەنها رەنگی ئەو ئاڕمەی لە تاكسییەكان دەدرێت، جیاوازە، ئەگەرنا رەنگەكان ناگۆڕێن.

هــ. ر


PM:05:48:13/11/2019


ئه‌م بابه‌ته 2228 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت