فەرمانگەكانی كۆمەڵایەتی؛ بەكارهێنانی مۆبایل و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان قەدەغە دەكات


وێستگە نیوز-
بەڕێوەبەرایەتی‌ چاودێری‌ كۆمەڵایەتی‌ سلێمانی، بڕیاری قەدەغەكردنی بەكارهێنانی مۆبایل و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ‌لە كاتی دەوامی خۆیدا دەردەكات و ئاماژە بەوە دەكات، كارمەندان پابەندكران بە تەرخانكردنی‌ هەموو تواناو كاتیان بۆ كارو ئەركەكانیان.

لەڕێگەی ڕاگەیەنراوێكەوە، بەڕێوەبەرایەتی‌ چاودێری‌ كۆمەڵایەتی‌ سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، (عومەر گوڵپی) بەڕێوەبەری‌ گشتی‌ چاودێری‌‌و گەشەپێدانی‌ كۆمەڵایەتی‌ ئەمڕۆ چوارشەممە 23/10/2019 لەكۆبونەوەیەكیدا لەگەڵ فەرمانگەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەكەی جەختی‌ كرەوە لەسەر جێ بەجێكردنی‌ سەرجەم ئەو یاساو ڕێنمایی‌‌و سیستمانەی‌ دامەزراوە كۆمەڵایەتییەكان ڕێكدەخەن.

ڕاگەیەنراوەكە دەڵێت"لەو كۆبوونەوەیەدا ژمارەیەك بڕیار گەڵاڵە كرا، كە یەكێك لە بڕیارەكانی‌ كۆبوونەوەكە بریتبوو لە ڕێگە نەدان بە بەكارهێنانی‌ مۆبایل‌و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەكاتی‌ دەوام‌و لەكاتی‌ كاركردن و ڕاپەڕاندنی‌ ئەركەكاندا". 

"لەو ڕوانگەیەوە كارمەندان پابەندكران بە تەرخانكردنی‌ هەموو تواناو كاتیان بۆ كارو ئەركەكانیان لە خزمەتكردنی‌ منداڵان و بەساڵاچووان و ژنانی‌ هەڕەشەلێكراوو منداڵانی‌ دایەنگەو سەنتەرو پەیمانگاكان و كارە كارگێڕی‌ و ژمێریارییەكان" ڕاگەیەنراوەكە وادەڵێت.

هەروەها دەشڵێت" لەو كۆبوونەوەیەدا ژمارەیەك بەرنامەی‌ پێویست بۆ گەشەپێدانی‌ توانای‌ كارمەندان دانرا، و ژمارەیەك كێشەو گرفتیش تاوتوێكران‌".


PM:07:43:23/10/2019


ئه‌م بابه‌ته 1520 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو