سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی عیراق هۆشداری ده‌داته‌ رۆژنامه‌نوسان سه‌ردانی ئیسرائیل نه‌كه‌ن

‌سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی عیراق

وێستگه‌ نیوزـ

سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی عیراق به‌ڵێنی دا رێوشوێنی توند به‌رامبه‌ر هه‌ر رۆژنامه‌نوسێك بگرێته‌به‌ر كه‌ به‌نیاز بێت سه‌ردانی ئیسرائیل بكات.

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 22ی ته‌مموزی 2019 بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسیانی عیراق رایگه‌یاندوه‌ كه‌ به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئیسرائیل، هه‌فته‌ی داهاتوو وه‌فدێك له‌ رۆژنامه‌نوسانی عه‌ره‌ب سه‌ردانی ئه‌و وڵاته‌ ده‌كه‌ن و له‌نێو ئه‌و رۆژنامه‌نوسانه‌شدا، رۆژنامه‌نوسی عیراق و سعودی هه‌ن.

له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئیسرائیل، سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی عیراق رایگه‌یاندوه‌، ئه‌نجامدانی ئه‌و سه‌ردانه‌ ته‌واو پێچه‌وانه‌ی په‌یڕه‌وی سه‌ندیكا و رێبازه‌ نیشتمانییه‌كه‌یه‌تی و رایگه‌یاندوه‌: سه‌ندیكا قه‌واره‌ی زایۆنی و هه‌ڵوێسته‌ دوژمنكارییه‌كانی ئیسرئیل به‌رامبه‌ر وڵاتانی عه‌ره‌ب ره‌تده‌كاته‌وه‌.

سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی عیراق راشیگه‌یاندوه‌ كه‌ سوپای ئیسرائیل خاكی فه‌له‌ستنی داگیركرد و كوشتوبڕ و راگواستن دژی گه‌لی فه‌له‌ستین ده‌كات.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی به‌یاننامه‌كه‌دا، سه‌ندیكای ناوبراو به‌ڵێنی داوه‌ سزای توند تا راده‌ی ده‌ركردنی له‌ ئه‌ندامێتیی سه‌ندیكا به‌سه‌ر هه‌ر رۆژنامه‌نوسێكی عیراقیدا بسه‌پێنێت كه‌ به‌سه‌ریدا ساغ ببێته‌وه‌ له‌ ئێستا و له‌ داهاتوشدا سه‌ردانی ئیسرائیل ده‌كات.


PM:10:04:22/07/2019


ئه‌م بابه‌ته 2108 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت