ئێران کەمکردنەوەی پابەندی خۆی بە رێککەوتنامەی ئەتۆمی راگەیاند

‌عەباس عێراقچی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران

وێستگە نیوز-
بەرپرسێکی باڵای ئێران رایدەگەێنێت "لە ئەمڕۆوە قۆناغێکی دیکەی پیتاندنی یۆرانیۆم دەست پێ دەکەین".
  
بەرپرسانی باڵای حکوومەتی ئێران، ئاشکرای دەکەن لە ئەمڕۆ یەکشەممە 7ی تەمموزی 2019 ئیتر پابەندی ئەو بەڵێنانە نابن کە لە چوارچێوەی کەمکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆمدان.

عەلی ڕەبێعی، وتەبێژی دەوڵەتی حەسەن ڕۆحانی رایگەیاند "ئەمڕۆ ئەو مۆڵەتە 60 ڕۆژەیەی کە بە وڵاتانی ڕۆژئاوامان دابوو کۆتایی دێت و لەمەودوا لە ڕێژەی 3.67٪ی یۆرانیۆمی پێتیندراو تێدەپەڕێنین و ئاستی خستی یۆرانیۆم بەپێی ویستی خۆمان دەبێت".

 دوو مانگ لەمەوبەر کۆماری ئیسلامیی ئێران مۆڵەتێکی 60 ڕۆژەی بە وڵاتانی ڕۆژئاوایی دا کە ئەگەر ئەورووپا لەو ماوەیەدا پشتگیریی ئێران نەکەن، ئەوان پابەندی بەڵێنییەکانیان نابن و لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی دەکشێنەوە، بەڵام هەر ئەوکات فیدریکا مۆگرینی، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا ئەو داوایەی ئێرانی ڕەت کردەوە و ئاشکرای کرد هیچ مۆڵەتێک لە ئێران قەبووڵ ناکەن.

هاوکات عەباس عێراقچی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران وتی "لە هەنگاوی دووەمدا لەبارەی بەڵێنیی خۆمان بۆ ڕێژەی پیتاندن و خەستیی یۆرانیۆم، لە ئێستاوە ڕای دەگەیەنین ئیتر پابەندی ئەو ڕێژە دیاریکراوە نابین".
 
عێراقچی ئاماژەی بەوەش کرد "محەمەدجەواد زەریف، ئەمڕۆ لە نامەیەکدا ئەم بابەتەی بە فەرمی بە فیدیرۆکا مۆگرینی، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا ڕاگەیاندووە".

هــ. ب



AM:11:39:07/07/2019


ئه‌م بابه‌ته 3116 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو