مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوكی یه‌كێتی: جووتیاران بێ ترس ده‌توانن گه‌نمه‌كانیان بدورنه‌وه‌


وێستگه‌ نیوز ـ

مه‌ڵبه‌ندی دووی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌ كه‌ركوك راگه‌یه‌ندراوێكی له‌سه‌ر دۆخی په‌ڵكانه‌ و سه‌رگه‌ڕان و دوبز بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، بڕیاردراوه‌ به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و بڕیارانه‌ی له‌ لایه‌ن فه‌رمانده‌ی ئۆپراسیۆنه‌كانی سه‌لاحه‌دینه‌وه‌ ده‌رچوو بۆ رێگریكردن له‌ دوورینه‌وه‌ی به‌روبوومی به‌رهه‌می جووتیارانی كوردی ئه‌و سنوورانه‌.


له‌ راگه‌یه‌ندراوێكی مه‌ڵبه‌ندی دووی كه‌ركوكی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان كه‌ وێنه‌یه‌كی ده‌ست وێستگه‌ نیوز كه‌وتووه‌، تیایدا هاتووه‌: دوای ئەوەی لەسەر راسپاردەی سەرۆك كۆماری عیراق لیژنەیەكی بەپەلەو هاوبەش بۆ چارەسەركردنی كێشەی زەوی و زارە كشتوكاڵیەكانی سنورەكانی (پەڵكانە و سەرگەڕان و دوبز) پێكهێنرا، ئەمڕۆ لیژنەكە بڕیاریدا بەهەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارەی كەلەلایەن فه‌رمانده‌ی ئۆپراسیۆنه‌كانی سه‌لاحه‌دینه‌وه‌ دەرچوو بوو بۆ رێگریكردن لە دورینەوەی بەروبومی بەرهەمی جوتیارە كوردەكانی ئەو سنوورە.

هه‌روه‌ك هاتووه‌: هاوكات بڕیاردرا دەبێ چاوەڕێ بكرێت تا لیژنەی باڵا كەبڕیارەكانی لەئەنجومەنی وەزیران بڕیاری كۆتایی لەسەر دەدرێت، لەخاڵێكی تردا بڕیاردرا هەر ناڕەزاییەك لەسەر خاوەندارێتی و كێشەی زەوی زارەكان هه‌بێت دەبێت پەنا بۆ دادگا برێت و لەڕێی دادگاوە كێشەكان یەكلایی بكرێنەوە، بۆیە لەمڕۆ بەدواوە جوتیارە كورەكان دەتوانن بەروبومەكانیان بدورنەوە.

مه‌ڵبه‌ندی دووی یه‌كێتی ده‌شڵێت: "لێرەوە دەمانەوێ بەهەموو كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و خەڵكی قارەمان و خۆڕاگری كەركوك رابگەیەنین دڵنیان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كاتێك لە رۆژگارێكی سەختدا هەرەسی بەهەرەسهێناو میللەتەكەی بەجێ نەهێشت، دڵنیابن ئێستاش نەك بەجێتان ناهێڵین، بەڵكو لەپێناو مافەڕەواكانتان چۆن لەڕابردوو رووبەڕووی گەورەترین زەبروزەنگی رژێمی بەعس بوینەوە بۆ ئێستاو ئایندەش پشتیوان و داكۆكیاری سەرسەخت و نوێنەری راستەقینە ماف و داخوازیەكانتان دەبین".

ده‌شڵێت: "لێرەوە بەپێویستی دەزانین سوپاسی بێ پایانی دكتۆر بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عیراق و تەواوی هەڤاڵانمان لەئەنجومەنی نوێنەران و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بكەین هەر لەسەرەتای دروستبونی كێشەكەوە زۆر بەپەلە هاتنە سەرخەت و تەواوی هەوڵەكانیان خستەكار بۆ چارەسەركردنی كێشەكەو گەڕاندنەوەی مافی جوتیارانی سنورەكە".

ئەم راگەیەنراوەی یەکێتی لە کەرکوک لە کاتێکدایە لە چەند رۆژی رابردوودا هەڵمەتێکی تەعریب کردن لە ناوچەکانی پەڵکانەو سەرگەڕان دەستیپێکرد و هەڕەشە لە جووتیارانی کورد لەو ناوچانە کرا لە دوورینەوەی گەنمەکانیان.

هاوکات لە ناوچەکانی خانەقین و جەلەولا ژمارەیەکی زۆری زەوی بە گەنم جێندراوی جووتیارانی کورد سووتێندراو دەوترا داعش ئەو کارەی ئەنجامداوە.

هــ. ر


PM:10:13:22/05/2019


ئه‌م بابه‌ته 14436 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت