سهدان كۆنگرێسمانی ئهمریكا داوایهك ئاراستهی ترهمپ دهكهن
ترەمپ لە کۆنگرێس
وێستگه نیوزـ
بۆ پاراستنی بەرژەوەندیـیەکانی ئەمریکا و دۆست و هاوپەیمانە نزیکەکانی وهك ئیسرائیل، سەدان ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا بە نامەیەک داوایان لە سهرۆكی وڵاتهكهیان کردووە بەردەوامبێت لە ڕۆڵی خۆی لە ناو سوریا.
لە کۆی 535 ئەندامی هەردوو ئەنجومەنی سینات و نوێنەرانی کۆنگرێسی ئەمریکا، 382 ئەندام نامهیهكیان مەبەستە ئاڕاستەی دۆناڵد ترمپ، سهرۆكی وڵاتهكهیان كردوه و دەڵێن" لە کاتێکدا نائارامی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتوەتەوە، زۆر نیگەرانین لەوەی هێشتا گروپە تێرۆرست و توندڕەوەکان و نەیارانی ئەمریکا ڕۆڵی خۆیان دەبینن لە ناوچەکە، بە تایبەتی لە سوریا، ئەمەش لە کاتێکدا هەندێک لە نزیکترین هاوپەیمانانمان لە ناوچەکە ڕووبەڕووی هەڕەشە دەبنەوە، بۆیە ڕێبەرایەتی و پشـتیوانی ئەمریکا هەمیشە گرنگن، بۆ بەدیهێنانی ئەمەش ڕادەسپێرین چەند هەنگاوێک بگیرێنەبەر بۆ بەهێزکردنی خاڵە ئاسایشیـیە سەرەکیـیەکانمان لە ناوچەکە، لەوانە یارمەتیدانی ئیسرائیلی هاوپەیمانمان لە بەرگریکردن لە خۆی لە بەرامبەر ئەو هەڕەشانەی لە سنورەکانی باکوری وڵاتەکەیەوە ڕوبەڕویان دەبێتەوە."
ئهو ئهندامانهی كۆنگرێس هۆشداری دەدەن لەوەی گروپە "تێرۆرستییەکان"ی وەک داعش و قاعیدە هێشتا لە ناو سوریا توانایان هەیە پـرۆپاگەندە بۆخۆیان بکەن و خەڵک بۆخۆیان ڕابکێشن و دەڵێن هەرچەندە لە ئێستادا ئامانجی سەرەکییان شەڕی ناو سوریایە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە توانایاندایە پلان دابنێن و هێرش ئەنجام بدەن لە دژی ڕۆژئاوایـیەکان و هاوپەیمانان و دۆستانی ئەمەریکا و تەنانەت ئەمەریکاش، بۆیە لە بەرژەوەندی ئەمریکایە ڕێگە نەدرێت ئەم ڕێکخراوە تێرۆرستیانە پـێی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست توندبکەن.
لە بەشێکی نامەکەدا كۆنگرێسمانهكانی ئهمریكا باسی ئێران و حزبوڵڵای لوبنانیان كردوه و ئهو دوو لایهنه دەڵێن بوونەتە مایەی ناسەقامگیری ناوچەکە، بە تایبەتی لە سوریا کە کاردەکەن بۆ مانەوەی سهربازییان لەو وڵاتە، ئەمەش ڕەنگە جێی هەڕەشە بێت بۆ هاوپەیمانانی ئەمریکا، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن ساڵی ڕابردوو فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئێران ئاسمانی ئیسرائیلی بەزاندووە و پاسدارانی ئێرانی لە سوریاوە دەیان موشەکیان بە ئاڕاستەی ئیسرائیل هەڵداوە.
دەڵێن حزبوڵڵاش بووەتە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ ئیسرائیل و لە ئێستادا زیاتر لە 100 هەزار موشەکی بە ئاڕاستەی ئیسرائیل هەیە کە وردتر ئامانجەکانیان دەپـێکن و مەودایان درێژترە و لە توانایاندا لە هەر شوێنێکی ئیسرائیل بدەن.
ههر له نامهكهدا باس له روسیاش كراوه و دەڵێن وەک ئێران کاردەکات بۆ ئەوەی بوونێکی هەمیشەیی لە سوریاد هەبێت لە دەرەوەی بنکەی هێزی دەریایی لە بەندەری تەرتوس، جگە لەوەش روسیا بووەتە کۆسپ لە بەردەم ئیسرائیل لە مەسەلەی بەرگریکردن لە خۆی لە بەرامبەر ئەو کارە دوژمنکاریـیانەی لە سوریاوە لە دژی دەکرێن.
دوای ئهوهی ترهمپ لە كۆتایی ساڵی ڕابردوو وتی شەڕی داعش لە سوریا کۆتایی هات و هێزەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە دەکشێنێتەوە، زۆرێک لە ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا لە هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات نیگەرانی خۆیان دەربڕی، بەڵام دواتر لە مانگی شوباتی 2019 سهرۆكی ئهمریكا ڕازی بوو هێزێکی بچوکی وڵاتهكهی له سوریا بهێڵێتهوه.
PM:11:01:21/05/2019
ئهم بابهته 6628
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت