"داھاتی ھەرێم و ئەو پارەیەی لە بەغداوە دێت، زۆر زیاترە لەوەی دەدرێت بە مووچە"


وێستگه‌ نیوز ـ هەستیار
ئەندامێکی لیژنەی دارایی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان رایده‌گەیەنێت، داھاتی ھەرێم و ئەو پارەیەی لە بەغداوە دێت، زۆر زیاترە لەوەی دەدرێت بە مووچە، ده‌شڵێت: "ناكرێت وه‌زاره‌تی دارایی به‌بێ ئاگاداری وه‌زاره‌تی دارایی قه‌رزی كۆمپانیاكان بداته‌وه‌".


د. شێرکۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان بە وێستگه‌ نیوزی راگەیاند: لەبری ئەوەی کۆمپانیای رۆسنەفت ئەوە رابگەیەنێت کە مانگانە بڕی 400 ملیۆن دۆلار لە حکومەتی ھەرێم وەردەگرێت و لەماوەی چوار مانگی رابردووشدا ملیارێک و 600 ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە، دەبوایە حکومەتی ھەرێم خۆی پاکتاوی ئەو قەرزانەی بکردایەو بۆ ھاوڵاتیانی خۆی بڵاوبکردایەتەوە.

وتیشی: "وەزارەتی دارایی بێئاگایی خۆی لەدانەوەی قەرزەکانی کۆمپانیای رۆسنەفت دەربڕیوە و ئاماژەی بەوەکردووە تەنیا ئاگاداری ئەو بڕە پارەیەیە کە مانگانە لەداھاتی نەوت پێی دەدرێت، لەکاتێکدا ناکرێت وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بەبێ ئاگاداری وەزارەتی دارایی قەرزی کۆمپانیا نەوتییەکان بداتەوە".

ئه‌ندامه‌كه‌ی لیژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان راشیگه‌یاند: "بێگومان ئەو پارەیەی دراوەتەوە بەقەرزی کۆمپانیای رۆسنەفت، لەداھاتی ھەرێمی کوردستانەو ناکرێت بڵێین مووچەی فەرمانبەران دراوەتەوە بە قەرز، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە داھاتی ھەرێم بەو پارەیەی لەبەغداوە دێت، زۆر زیاترە لەوەی دەدرێت بەمووچەی فەرمانبەران".


PM:10:46:15/05/2019


ئه‌م بابه‌ته 3484 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو