هەپەگە: ١٤ سەربازی سوپای تورکیا لەلایەن گەریلاکانمانەوە کوژران


وێستگە نیوز-

ناوەندی راگەیاندنی هەپەگە رایدەگەێنێت "١٤ سەربازی تورک کوژراون و چەند سەربازێکیش برینداربوون".

ئەمڕۆ یەک‌شەممە ناوەندی چاپەمەنی و ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە، لەسەر چالاکیی گەریلاکان لە چەلێی سەربە جولەمێرگی باکوری کوردستان و ناوچەی سیدەکانی باشوری کوردستان، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

ناوەندی چاپەمەنی و ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل هەپەگە رایگەیاندوە "لە چوارچێوەی هەنگاوی شۆڕشگیری شەهید باگەر و شەهید ڕۆنیا، هێزەکانمان ١٩ی نیسان کاتژمێر ٢١:١٠ خولەک، لە ناوچەی چەلێ جولەمێرگ، سوپای تورکیان لەسەر گردی شەهید باگەر لە گردی کوردینە کردە ئامانج".

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل ئاماژەی بەوەداوە "هێزەکانمان لە دوو قۆڵەوە سەنگەرەکانی دوژمنیان کردە ئامانج و دواتر چوونە سەر تەرمی سەربازەکانی دووژمن، زۆرێک لە سەنگەرەکان و سێ دەزگای هاوێشتنی هاوەن بە تەواوەتی ڕووخێندران و ١٢ سەرباز کوژران، کە یەکێکیان فەرماندەی گردەکە بووە، لەو چالاکییەدا ١٠ سەربازی دیکەش برینداربوون، هەروەها لە کاتی چالاکییەکە زۆرێک لە سەربازەکان هەڵهاتن، کە چارەنووسی سێ کەسیان دیار نییە".

ناوەندی ڕاگەیاندنی هەپەگە ئاماژەی بەوەداوە "هاوکات هێزەکانمان یەکێنەیەکی دوژمنیان لەسەر گردی کوردینە، شەهید زەکی و پەترۆت کردە ئامانج، کە تا ئێستا ژمارەی کوژراو و بریندارەکانی دوژمن ڕوون نەبووەتەوە".

ناوەندی راگەیاندنی هەپەگە باسی لەوەشکردووە "بەرەبەیانی دوێنێ کاتژمێر ٠٥:٠٠ سوپای تورک بە فڕۆکە و تۆپ بە سەختی ناوچەکەی بۆردوومان و تۆپباران کرد".

هەپەگە لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست لەلایەن فەرماندەیی گشتی سوپای تورک و میدیاکانی ئاکەپە دەکات و ڕایگەیاندووە "گەریلاکانی ئازادی کوردستان بە ڕۆحێکی فیداییانە ئەو چالاکییەیان ئەنجام داوە و هیچ زیانێکیان پێی نەگەیشتووە و هەموو هێزەکانمان سەرکەوتووانە گەڕاونەتەوە سەر بارەگاکانی خۆیان، با گەلەکەمان هەواڵی ساختەی میدیاکانی تورک باوەڕ نەکەن".

ناوەندەکەی هەپەگە لەسەر چالاکییەکی گەریلاکانی لە سیدەکانی باشوری کوردستان وتوشیەتی "لە چوارچێوەی هەنگاوی شۆڕشگیری شەهید باگەر و شەهید ڕۆنیا هێزەکانمان دوێنێ کاتژمێر ١٤:٣٠ خولەک، لە سیدەکانی باشوری کوردستان، لەدژی یەکێنەیەکی دوژمن لەسەر گردی لێلکان چالاکییەکیان ئەنجامدا و لە دوو قوڵەوەو حەشارگەی سەربازانی تورکیان کردە ئامانج، لەو چالاکییەدا دوو سەرباژ کوژران، هەروەها دوو چەکی بۆمب هاوێژ، کامێرایەک و ڕادارێک لەناوبران، سوپای تورک دەمەو ئێوارە، بە تۆپ و هاوەن ناوچەکەی بۆردوومانکرد و بە پشتیوانی هێلیکۆپتەرە جەنگییەکان کوژراو بریندارەکانی لە ناوچەکە دوورخستەوە".

ناوەندەکەی هەپەگە ئەوەشی وتوە "فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورک دوێنێ ٢٠ی نیسان، کاتژمێر ٠٢:٠٠، مەیدانی باسای لە ناوچەی ئاڤاشین لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا-یان بۆردوومان کردووە، لەو بۆردوومانە هیچ زیانێک بە هێزەکانمان نەگەیشتووە".

هــ. ب


PM:04:07:21/04/2019


ئه‌م بابه‌ته 1324 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت