گێچەڵی سێکسی :پرسێک، لەشاراوەیی و دەربازبوونی بکەرانی !..

‌گێچەڵی سێکسی لە دامەزراوەکاندا بەشێوەی جیاواز هەیە،



وێستگه‌ نیوز- هەڵشۆ عەبدولفەتاح

لەهەرێمی کوردستان تادێت پرسی گێچەڵی سێکسی لەدامەزراوە گشتی و تایبەتەکاندا زیاددەکات ئەنجامدەرانی، بێ لێپرسینەوەش دەرباز دەبن، قوربانیەکانیش باس لەوەدەکەن زیادبونی گێچەڵی سێکسی هۆکاربوە بۆ دورکەوتنەوەیان لەکارکردن. بەپرسانی پۆلیس ئەوە دەخەنەڕو کە بەپێی رێکارە یاساییەکان هەر کەیسێک داوای یاسایی هەبێت کاری لەسەر دەکەن. لەبەرامبەردا بەشێک لە رێکخراوەکانیش ئاماژە بە زیادبونی حاڵەتەکان دەکەن و مەترسیەکانی خۆیان دەخەنەڕو.

دییە عەلی، کێچێکی گەنجی تەمەن 30 ساڵەو دەرچوی زانکۆیە، یەکێکە لەو کەسانەی ڕوبەڕوی گێچەڵی سێکسی بۆتەوە، ئەوێش لەرێگەی بەرپرسی بەشەکەی کە سەرەتا داوای دروستکردنی پەیوەندی لێکردوە، بەڵام رەتیکردۆتەوە، دواتر لە ئاستی دەرکردنی لە کارەکە گێچەڵی جۆراوجۆری پێکردوە.

دەربارەی چیرۆکەکەی دییە دەڵێت، "سەرەتا بەئارەزوییەکی زۆرەوە وەک ئەوەی دەرچوی بەشی راگەیاندن بوم چومە دامەزراوەیەکی میدیایی لەهەرێمی کوردستان و تابتوانم ئەو خولیایەی خۆم پەرەپێبدەم، دەستم بەکارکردن کرد، بەڵام بەداخەوە بەهۆی ئەو مامەڵە نەشیاوەی بەرامبەرم کرا، تەواو ساردبومەوە لەکارکردن و دەرکرام".

گێچەڵی سێکسی لە دامەزراوەکاندا بەشێوەی جیاواز هەیە، لە ئاستێکدا لە کارمەندی پیاوەوە بەرامبەر هاوپیشە ژنەکەی دەکرێت، یان لە لایەن بەرپرس و بەڕێوەبەرەوە بەرامبەر کارمەند دەکرێت. ئەمەی دوەمیان زیاتر لە ڕێگەی بەکارهێنانی پۆستەوەیە ئەنجام دەدرێت و بەپێی  قوربانیەکان زیاتر بەربڵاوە.

لانە محەمەد یەکێکی ترە لەو کچانەی لەماوەی رابردودا لە یەکێک لەدامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان دامەزراوەو تا ئێستاش بەردەوامە لە کارەکەی، لەم بارەیەوە دەگێڕێتەوە، "ڕۆژێک وەک هەر ڕۆژێکی تری ئاسایی لە سەر کارەکەی دەبێت، فەرمانبەرێک لە هاوپیشەکانی فەرمانگەکەی بەشێوەیەکی نائاسایی دەست بو سنگی دەبات، ناچار لە دەستی هەڵدێت".

لانە ئەوەش دەخاتەڕو کەیسەکەی خستە بەردەم بەرپرسانی فەرمانگەکەی و دادگا، بەڵام دواتر لەترسی قسەی کۆمەڵگەو رۆتینی دادگاو لیژنەی کارگێری، بەناچاری وازی لە کەیسەکەی هێناوە.

پرسی گێچەڵی سێکسی لەهەرێمی کوردستان لەچوارچێوەی یاساکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کاری پێدەکرێت و دەتوانرێت بەپێی ئەو یاسایە رێکاری یاسایی بەرامبەر بگیرێتەبەر. ڕێکارە یاساییەکانیش لەسەر بنەمای بونی داوای یاسای دەبێت، کە بەپێی مادەی (402) لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ی ساڵی 1969.

 ئەمەش تەنها لەحاڵەتی بێزارکردن، ئەگەر قسەکردن بێت یاخود دەستبردن و بێزارکردنی جەستەیی بێت، بەڵام ئەگەر کارەکە بچێتە خانەی بەزۆرداری و (لاقەکردن) ئەوا دەچێتە چوارچێوەی ماددە یاساییەکانی 395 و 396 هتد،  لەحاڵەتی بێزارکردنیش بە ئامێرەکانی پەیوەندی و تۆرە کۆمەڵایەتیەکان ئەوا بەپێی یاسای ژمارە (6)ی ساڵی 2008ی یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرە پەیوەندییەکان ماددەی (2)ی مامەڵە لەگەڵ ئەنجامدەرانی گێچەڵی سێکسی دەکرێت.

بەپرسانی پۆلیس ئاماژە بەوە دەدەن کە ئەوان لەسەربنەمای داوای یاسای کاردەکەن و هەر کەیسێک لەوبارەیەوە بوونی هەبێت بەدواداچونی بۆ ئەنجامدەدەن.

وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی باس لەوە دەکات بەپێی رێکارەکانی یاسای پرسی گێچەڵی سێکسی لەچوارچێوەی یاسای سزادانی عێراقی رێکخراوە، ئێمە وەک هێزی جێبەجێکار هەرکاتێک داوای یاسای لەسەر کەسێک یان گروپێک هەبێت بۆ ئەو کارە، ئەوا بێگومان راستەوخۆ دەست بە جێبەجێکردنی دەکەین".

سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لەم بارەیەوە دەڵێت، " پرسی گێچەڵی سێکسی بونی هەیەو، پۆلیس لەچوارچێوەی داوای یاسایی کاری لەسەر دەکات، بەشێکیشی بەنهێنی دەمێنێتەوە چونکە بەکۆمەڵێک هۆکار، ئەو کەسەی کارەکەی بەرامبەر کراوە داوای یاسای تۆمار ناکات".

پرسی گێچەڵی سێکسی لەدامەزراوە گشتی و تایبەتیەکاندا یەکێکە لەو پرسانەی کەمتر بەرچاوی میدکان و ڕای گشتی دەکەون، هەربۆیە بەشێکی زۆریان بە نهێنی دەمێنێتەوە، ئەمەش بەهۆی کولتوری کۆمەڵگەو بونی رۆتینی دادگاو نەبونی سزادانێکی توند بەرامبەر ئەنجامدەری کارەکە.

زیادبونی پرسی گێچەڵی سێکسی بەشێوەیەک بونی هەیە، کە لە یەکێک لە چالاکی رێکخراوەکاندا بەئاشکرا وەک راسپاردەیەک هاتوە تا بتوانرێت کاری لەسەر بکرێت و رێگری لێبکرێت.

هەردوو دامەزراوەی رێکخراوی چاودێری میدیای کوردی و دەزگای میدیایی (کەرکوک ناو) مێزگردێکیان بۆ بەشێک لە راگەیاندنکارە مێینەکان لە (هەولێر، سلێمانی، گەرمیان، کەرکوک)  لەسلێمانی رێکخست، تێدا چەند راسپاردەیەکیان ئامادەکردو لەیەکێکیاندا  هاتوە "ژمارەیەک لەراگەیاندنکارانی مێینە روبەروی گێچەڵپێکردن و دەستدرێژی سێکسی دەبنەوە لە لایەن بڕیار بەدەست و بەرپرسانی دەزگاکانیان و ئەو سەرچاوانەی کە زانیارییان لێ وەردەگرن".

بەپێی رێککەوتنامەکانی مافی مرۆڤ و بەتایبەتیش ئەو پەیماننامانەی لە بارەی پارێزراوی ژنانەوە هاتون، گێچەڵی سێکسی بەیەکێک لە پێشێلکارییەکان بەرامبەر بەژنان و کچان دادەنرێت، بۆیە بەردەوام راپۆرت لەم بارەوە ئامادە دەکرێت، ئەویش بەئامانجی دانانی یاسای توندو روبەروبونەوەی.

بەشێک لەرێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنیش پرسی گێچەڵکردنی سێکسی بەمەترسی دەزانن و بەپێویستی دەزانن کاری زیاتر بۆ روبەروبونەوەی بکرێت.

هاریکاری یاسای ژنان یەکێکە لەو رێکخراوانەی کار بۆ پرسی ژنان دەکات، بەتایبەت کەیسی یاساو دادگاکان، بەرپرسانی دامەزراوەکەش ئەوە دەخەنەڕو کە ئامادەن بۆ هەر پرسێکی لەو شێوەیە لە ناو دادگاو لەدەرەوە، کاری مەدەنی و یاسایی بۆ ئەنجامبدەن.

شۆخان حەمەرەشید بەرێوەبەری رێکخراوی هاریکاری یاسایی ژنان دەربارەی ئەم کێشەیە دەڵێت " پرسی گێچەڵی سێکسی تا دێت لە لەدامەزراوەکاندا زیاد دەکات، مەترسیەکەشی لەوەدایە بەنهێنی دەمێنیتەوە، ئەویش بەهۆکاری ئابڕوچون، قوربانیەکە بێدەنگی هەڵدەبژێرێت، بۆیە بکەری کارەکە کەمتر سزای یاسای وەردەگرێت، بگرە بەبێ سزا دەرباز دەبێت".

ئەم بەرپرسەی رێکخراوەکە هێما بۆ ئەوەشدەکات کە لە رابردودا کەیسی لەو شێوەیان هەبوە، بەڵام بەهۆکاری رۆتینی دادگاو نەبونی سەربەخۆیی بڕیاری دامەزراوەکان لەنێوان فەرمانبەرو بەرپرسەکە، ئەوا زو قوربانیەکە لەمافی خۆی بێببەشکراوە، نەتوانراوە بکەری کارەکە سزا بدرێت".

تێبینی هەردوو ناوی قوربانیەکە خوازراوە.

ئەم چیرۆکە به‌ هاوکاری و پشتیوانی رێخراوی "Internews” ئامادەکراوە لەسەر پرسی گێچەڵی سێکسی لە هەرێمی کوردستان. 

ئه‌م بابه‌ته‌ به‌هه‌مائاهه‌نگی‌ له‌گه‌ڵ گۆڤاری‌ ژن بڵاوده‌كراوه‌ته‌وه‌


AM:11:51:26/03/2019


ئه‌م بابه‌ته 8880 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو