سه‌ركرده‌یه‌كی‌ پارتی‌: پڕۆسه‌ی سیاسی چیتر بۆ هیچ كه‌س و لایه‌نێك دوا ناكه‌وێت

‌ئاراس حه‌سۆ میرخان

وێستگه‌ نیوز –
ئه‌ندامێكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان رایگه‌یاند كه‌ پێكهێنانی حكومه‌ت به‌ند نییه‌ به‌ كۆبوونه‌وه‌كانی‌ حزبه‌كه‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان و جه‌ختی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ پڕۆسه‌ی سیاسی چیتر بۆ هیچ كه‌س و لایه‌نێك دوا ناكه‌وێت.

ئاراس حه‌سۆ میرخان ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان له‌ په‌یجی‌ تایبه‌تی‌ خۆی‌ له‌ تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ فه‌یسبووك رایگه‌یاند كه‌ "له‌م مانگه‌دا دوو كۆبونه‌وه‌ی زۆر سه‌ركه‌وتوو له‌گه‌ڵ (ی.ن.ك) بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت ئه‌نجام دران، راسته‌ رێك نه‌كه‌وتین به‌ڵام باش له‌ یه‌كتری تێگه‌یشتووین".

ئاراس حه‌سۆ میرخان ده‌ڵێت: "ئێستا هه‌موو لایه‌ك ده‌زانن كه‌ پارتی چه‌ند به‌ په‌رۆشه‌ بۆ سه‌ركه‌وتنی پڕۆسه‌ی سیاسی له‌ كوردستان. بۆیه‌ پارتییه‌كان ده‌بێت دڵیان گه‌وره‌ بێت".

وتیشی‌: "پێكهێنانی حكومه‌ت به‌ند نییه‌ به‌م كۆبونه‌وانه‌ و پڕۆسه‌ی سیاسی چیتر بۆ هیچ كه‌س و لایه‌نێك دوا ناكه‌وێت".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ "پارتی ڕێز له‌ هه‌موو لایه‌نێك ده‌گرێت به‌ڵام رێزی مه‌زنی پارتی بۆ ده‌نگده‌رانی كوردستانه‌ و ئه‌م حكومه‌ته‌ ئه‌وان چۆنییان ویستووه‌ وا ده‌بێت".

ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی‌ پارتی‌ جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ "پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم و راسپاردنی سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌ كاتی دیاریكراودا ئه‌نجام ده‌درێ".

ئاراس حه‌سۆ میرخان راشیگه‌یاند كه‌ "تا ئه‌و كات له‌گه‌ڵ یه‌كێتی به‌رده‌وام ده‌بین تا ڕێك بكه‌وین، به‌ڵام حكومه‌ت و خه‌ڵكی كوردستان له‌ هه‌موو رێككه‌وتنێك و رێكنه‌كه‌وتنێك بۆ پارتی گرنگتره‌".

لێدوانی‌ ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی‌ پارتی‌ دوای‌ ئه‌وه‌ دێت كه‌ ئه‌مڕۆ وه‌فدی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان و یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان له‌ پیرمام كۆبوونه‌وه‌ و به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ رێكبكه‌ون راگه‌یه‌ندراوێكی‌ هاوبه‌شیان بڵاوكرده‌وه‌ و تیایدا ئاماژه‌یان به‌وه‌دا كه‌ "کۆبونەوەیەکی جددی و بەرهەمدارمان کردوە و بڕیارمان داوە لەم هەفتەیەدا جارێکی دیکە کۆبینەوە".

یەکێتی و پارتی لە ڕاگەیاندراوە هاوبەشەکەدا ئەوەشیان وتوە "هەردولا ئامادەکاری دەکەن بۆ سەرخستنی پڕۆسەی دانوستانی نێوانیان و هەروەها چوارچێوەی رێککەوتنی سیاسی گفتگوۆکانمان بەردەوام دەبێت".


PM:09:00:24/03/2019


ئه‌م بابه‌ته 1832 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو