بارزانی‌ نیگه‌رانه‌ و پارتیش ئیتر چاوه‌ڕێی‌ یه‌كێتی‌ ناكات

‌"نیگه‌رانییه‌كه‌ی‌ سه‌رۆك بارزانی‌ له‌ئاستێكی‌ به‌رزدایه‌"

وێستگه‌ نیوز-

سه‌ركرده‌یه‌كی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان، ئه‌مرۆ پێنجشه‌ممه‌، به‌وێستگه‌ نیوزی‌ ڕاگه‌یاند كه‌ "سه‌رۆك بارزانی‌ نیگه‌رانی‌ زۆری‌ به‌رامبه‌ر یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان نیشانداوه‌و ئه‌م نیگه‌رانییه‌شی‌ گه‌یاندۆته‌ كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی‌ جێگری‌ سكرتێری‌ گشتی‌". وته‌بێژی‌ پارتیش ده‌ڵێت: چیتر چاوه‌ڕوان نابن و سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان چالاك ده‌كه‌نه‌وه‌و له‌په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌ڵیده‌بژێرن.

سه‌ركرده‌كه‌ی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان كه‌ نه‌یویست ناوی‌ ئاشكرا بكرێت وتی‌"نیگه‌رانییه‌كه‌ی‌ سه‌رۆك بارزانی‌ له‌ئاستێكی‌ به‌رزدایه‌".

سه‌ركرده‌كه‌ ڕوونیكرده‌وه‌ كه‌ نیگه‌رانییه‌كه‌ی‌ بارزانی‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ پارتی‌ پێیانڕاگه‌یاندووه‌ كه‌  "یه‌كێتی‌ به‌داواكارییه‌كانیدا دیاره‌ نایه‌وێت ڕێكه‌وتنه‌كه‌ جێبه‌جێ بكه‌ین، هه‌ر رۆژه‌و بیانوویه‌ك نیشان ئه‌ده‌ن، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ كاره‌كانی‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌ت سستی‌ تێبكه‌وێت".

هاوكات پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان له‌رێگه‌ی‌ وته‌بێژه‌كه‌یه‌وه‌ مەحموود محەمەد له‌چاوپێكه‌وتنێكیدا كه‌سایتی‌ فه‌رمی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان بڵاویكردۆته‌وه‌ رایگەیاند، كە سەرۆكایەتیی هەرێم كارا دەكرێتەوە، هاوكات سەرۆكی هەرێم هەڵدەبژێردرێت، دواتر ئەو جیاوازییەی لە بۆچوون و دیدگاكانی پارتی و لایەنەكانی دیكە لەسەر یاسای سەرۆكایەتی هەمانە، پێكەوە هەموو لایەك دەیخەنە كاتی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی كوردستان، لەوێدا دەسەڵات و چۆنیەتیی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم گەنگەشە دەكرێت و دیاری دەكرێت، كە سەرۆك چۆن هەڵدەبژێردرێت و دەسەڵاتەكانی چی دەبن.

به‌م پێیه‌ بێت پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان چاوه‌ڕوانی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان ناكات.


مه‌حمود محه‌مه‌د باسی‌ هه‌وڵه‌كانیان ده‌كات له‌گه‌ڵ یه‌كێتی‌ و ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ده‌كات كە پێشتر رێككەوتنیان كردووە، تا لە رۆژی هەژدەی مانگ سەرۆكایەتیی پەرلەمان دەستنیشان بكرێت، بەڵام دیار بوو ئەوكات یەكێتی نەگەیشتنە قەناعەت و بەشدار نەبوون، گوتیشی: "ناكرێت ئێمە هەر چاوەڕێ بین، دەبێت ئەم پرۆسەیە بە شێوازێك، كە لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەماندا دیاری كراوە، بەڕێوە بچێت".

مەحموود محەمەد، لە لێدوانە تایبەتەكەیدا  ئاشكرای كرد، ئەوەی لە ئێستادا لە بەردەمیاندایە، كاراكردنەوەی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم و دیاریكردنی سەرۆكی هەرێم و ناوهێنان و تەكلیفكردنی سەرۆكی كابینەی نۆیەمە، تا كابینەكەی پێك بهێنێت، گوتیشی: "كۆبوونەوەمان كردووە و بە راشكاوانە قسەمان كردووە، ئەوان پێویستییان بەوە بوو، كە بڕۆنەوە و كۆبوونەوە بكەن و لە ناوخۆی خۆیاندا لەسەر ئەو پێشنیاز و بۆچوونانەی ئێمە و ئەوان هەمان بووە، هاوكات ئەو رێككەوتنەی ئێمە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان كردوومانە، هەڵسەنگاندنیان بۆ بكەن، دواتر ئاگادارمان بكەنەوە، كە لە زووترین كاتدا پێكەوە كۆبوونەوەی دیكە بكەین".

سەبارەت بە چۆنیەتیی رێككەوتنیان لەسەر بارودۆخی كەركووك لەگەڵ یەكێتی، مەحموود محەمەد تیشكی خستە سەر ئەوەی، كە |"ئەو پرسە خراوەتە ژێر دەستی جەنابی سەرۆك بارزانی و كۆسرەت رەسووڵ جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتی، بە بابەتی بەغداشەوە، ئاماژەی بەوەش دا كە ئەوانیش چەند كەسێكیان بۆ ئەو مەبەستە دیاری كردووە، كە كاری لەسەر بكەن."

ناوبراو ئاشكرایشی كرد، وەكو پارتی كار بۆ ئەوە دەكەن هەرچی زووترە كابینەی نوێ پێك بهێندرێت، بۆ ئەو مەبەستەیشە كە حكوومەتێكی بەهێز بە پشتیوانیی هەموو لایەنەكانەوە بتوانین لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ لەسەر ئاساییكردنەوەی كەركووك و ناوچەكانی دیكەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان بكرێت، هەر بۆیەشە ئەوان وەكو پارتی پێیان باشە هەوڵ بدەن لە چەند هەفتەی دابێتدا هەموو بابەتەكان چارە بكەن.


PM:01:55:14/03/2019


ئه‌م بابه‌ته 31916 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو