عەبدولمەهدی: بوونی بنكەی سەربازی بیانی لە عیراق رەتدەكەینەوە

‌سەربازانی ئەمریکا لە عیراق

وێستگه‌ نیوز ـ
عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عیراق رایگه‌یاند، عیراق بوونی بنكەی سەربازی بیانی لەسەر خاكەكەی رەتدەكاتەوە، ئەوەیش لە میانی پێشوازیكردنی لە وەزیری بەرگری ئەمریكا بەوەكالەت.


ئەمڕۆ سێشەممه‌ 12ی شوباتی 2019، پاتریك شاناهان، وەزیری بەرگری ئەمریكا بەوەكالەت گەیشتە عیراق و وەك لە بەیاننامەی نووسینگەكەی هاتووە، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عیراق پێشوازی لە شاناهان كرد و ئەوان باسی په‌یوەندییەكانی هەردوو وڵات و جەنگی دژ بە تیرۆر و دۆخی ناوچەكەیان كرد.

نووسینگه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی وتیشی، "سه‌رۆك وه‌زیران سووربوونی عیراقی لەسەر بوونی په‌یوەندی باش لەگەڵ ئەمەریكا راگەیاند كە لە چوارچێوەی جەنگی دژ بە تیرۆر مەشق و راهێنان و پاڵپشتی لۆجیستی پێشكەیش عیراق دەكات و دووپاتی كردەوە كە قبووڵ ناكەن بە بوونی بنكەی سەربازی بیانی لەسەر خاكی عیراق و داوای پاڵپشتیكردنی عیراقی كرد بۆ سەقامگیری و ئاوەدانكردنەوە پەرەپێدانی ئابوورییەكەی".

لای خۆیەوە شاناهان خۆشحاڵی خۆی بۆ په‌یوەندییەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ عیراق و سەقامگیرییەكەی پیشاندا و رایگەیاند كە هاتووە راستەوخۆ گوێبیستی بۆچوونی حكومەتی عیراق بێت بۆ سروشت و داهاتووی په‌یوەندییەكانی هەردوو وڵات و دووپاتی كردەوە كە ئەركی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق رووبەڕووبوونەوەی داعش و راهێنانكردنە بە هێزەكانی عیراق و پاڵپشتیكردنیەتی بۆ لەناوبردنی پاشماوەی داعش.

هــ. ر


PM:09:49:12/02/2019


ئه‌م بابه‌ته 1876 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو