مەلا بەختیار ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

‌مەلا بەختیار

وێستگە نیوز-

نوسینگەی ڕاگەیاندنی مەلا بەختیار ئەوەی خستەڕوو وەفدێکی باڵای یەکێتی سەردانی ناوبراویان کردووە و ئەو زانیاریانەش ڕەتدەکاتەوە کە هەندێک میدیا لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیابن بڵاویانکردووەتەوە.

نوسینگەی ڕاگەیاندنی مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی سەبارەت بەو دەگۆیە بڵاوکردەوە کە گوایا وەفدێکی مەکتەبی سیاسی سەردانیان کردووە و داوایانلێکردووە بگەڕێتەوە بۆ کۆبوونەوکان.

لە ڕونکردنەوەکەدا هاتووە "راستە كە وەفدێك لە هەڤاڵانی بەڕێزی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی، سەردانی مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی یەكێتییان كردووە، بەڵام نە وەفدە بەڕێزەكەی مەكتەبی سیاسی لەو ئاستەدا بوو كە شار پرێس بەو شێوەیە باسیان دەكات ‌و نە بەو زمانەشی شار پرێس داڕشتنەوەی خۆی بۆ كردووە قسەیان لەگەڵ هەڤاڵ مەلا بەخیتاردا كردووە".

لەو ڕوونکردنەوەیەی نوسیگەی ڕاگەیاندنی مەلا بەختیاردا ئەوەش خراوەتەڕوو "وەفدە بەڕێزەكەی مەكتەبی سیاسی بەوپەڕی رێزو خۆشەویستی‌ و پەرۆشییەوە گفتوگۆیان لەگەڵ هەڤاڵ لێپرسراوی دەستەی كارگێڕیدا كردووە".

لە کۆتایی ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە "لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، رێگە نادات هیچ كەس ‌و لایەنێك، بەو زمانەی شار پرێس قسەی لەگەڵدا بكەن".

سەبارەت بەو سەردانەی وەفدەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بۆ لای مەلا بەختیار، جەعفەر شێخ مستەفا ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئەو حزبە بە وێستگە نیوزی ڕاگەیاند "سەردانەکەی ئێمە سەردانیكی دۆستانە بووە بۆ لای مەلا بەختیار و باسی هیچ بابەتێکی لەو شێوەیە نەکراوە کە بڵاوکراوەتەوە تەنها بۆ هەواڵپرسن و هاوڕییانە بووە".

پێشتر بڵاوکرابووەوە کە وەفدێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی سەردانی مەلا بەختیاریان کردووە و داوایان لێکردووە کە دەبێت یان بگەڕێتەوە ناو کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسی یان واز لە ڕەخنەگرتن بهێنێت.

لە چەند هەفتەی ڕابردوودا مەلا بەختیار لە چەند بۆنە و وتارێکدا ڕەخنەی ئاراستەی سیاسیەتی حزبەکەی کرد و باسی لە چەند کەیسێکی گەندەڵی کرد کە حزبەکەی تێوەگلاوە.


 


PM:03:18:20/01/2019


ئه‌م بابه‌ته 6080 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو