رابون مه‌عروف: نه 49 ملیۆن دیناره‌كه‌م وه‌رگرتووه و نه وه‌ریشیده‌گرم
رابون مه‌عروف
وێستگه نیوز -
رابون مه‌عروف ئه‌ندامی خولی پێشووی په‌رله‌مانی كوردستان و سه‌رۆكی فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ له په‌رله‌مانی عیراق رایگه‌یاند كه 49 ملیۆن دیناره‌كه‌ی خانه‌نشینی په‌رله‌مانتارانی وه‌رنه‌گرتووه و وه‌ریشی ناگرێت.
رابون مه‌عروف ئه‌ندامی خولی پێشووی په‌رله‌مانی كوردستان و سه‌رۆكی فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ له په‌رله‌مانی عیراق له روونكردنه‌وه‌كه‌یدا رایگه‌یاند كه "به بۆنه‌ی كۆتایی ھاتنی كاری په‌رله‌مانتاریم له په‌رله‌مانی كوردستان، من ھیچ ئیكرامیه‌كم وه‌رنه‌گرتوه و وه‌ریشیناگرم و ئه‌و بابه‌ته لای من كۆتایی ھاتووه".
رابون مه‌عروف ده‌ڵێت: "من و ھاوڕێكانم، ھه‌میشه پێمانوابوه كه سیسته‌می موچه و ته‌قاعودی ناڕه‌وایه و پێداگیریمان كردوه كه سیسته‌می موچه و ته‌قاعودی رێفۆرم بكرێت و رێكبخرێته‌وه. به‌ڵام به‌داخه‌وه، له خولی چواره‌می په‌رله‌مانی كوردستان پشتیوانی نه‌كراین".
ئاماژه‌شی به‌وه‌دا كه "ھیوادارم له خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان، په‌رله‌مانتاران پشتیوانی فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ بكه‌ن بۆ رێكخستنه‌وه‌ی سیسته‌می موچه و ته‌قاعودی و نه‌ھێشتنی ته‌قاعودی پێش ته‌مه‌نی ته‌قاعود بون".
وتیشی: "له خولی چواره‌می په‌رله‌مان، ده‌یان په‌رله‌مانتاری دڵسۆز له زۆربه‌ی فراكسیۆنه‌كان، ھه‌مو توانایان خسته گه‌ڕ بۆ ریفۆرمی بنه‌ڕه‌تی سیاسی و دژایه‌تی گه‌نده‌ڵی، به‌ڵام گروپه ده‌ستڕۆیشتوه‌كانی ناو پارتی و یه‌كێتی نه‌یانھێشت كۆششی په‌رله‌مانتاران به ئه‌نجامێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی پۆزه‌تیڤ بگات".
رابون مه‌عروف ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو كه "ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و سه‌روه‌ت و سامانی وڵاته‌كه‌مان، لای گروپه ده‌ستڕۆیشتوه‌كانی ناو پارتی و یه‌كێتی و حكومه‌تی ھه‌رێمی كوردستانه نه‌ك په‌رله‌مان. بۆیه زۆر گرنگه رای گشتی نه‌چێته ژێر كاریگه‌ری راگه‌یاندنی چه‌واشه و له‌بری لێپێچینه‌وه له سه‌ركرده باڵاده‌سته‌كانی پارتی و یه‌كێتی و حكومه‌تی ھه‌رێم، په‌لاماری لایه‌ن و كه‌سانێك نه‌ده‌ن كه به‌رپرسی گه‌نده‌ڵی سیاسی و دارایی ھه‌رێمی كوردستان نین".
سه‌رۆكی فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ له په‌رله‌مانی عیراق راشیگه‌یاند كه "ھیوادارم ساڵانی داھاتو، په‌رله‌مانی كوردستان رۆڵی شایسته‌ی خۆی بگێڕێت له ریفۆرمی سیاسی و شه‌ڕی گه‌نده‌ڵی و داكۆكیكردن له چین و توێژه زوڵم لێكراوه‌كان".
پێدانی 49 ملیۆن دینار به په‌رله‌مانتاران دوای ته‌واوبوونی خوله‌كه‌یان ناڕه‌زایی هاوڵاتیانی لێكه‌وته‌وه.
پێشتریش ئاری هه‌رسین په‌رله‌مانتاری خولی پێشوو له‌سه‌ر فراكسیۆنی پارتی 49 ملیۆن دیناره‌كه‌ی به‌خشییه پارێزگای هه‌ڵه‌بجه و فرسه‌ت سۆفی په‌رله‌مانتاری پارتیش ره‌تیكرده‌وه و رایگه‌یاند كه خانه‌نشین نابێت و ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر كاری پێشووی.
PM:05:50:17/01/2019
ئه‌م بابه‌ته 2512
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت