هونه‌رمه‌ندێك: به هه‌زار واسیته كرێكاریم ده‌ست كه‌وت
وێستگه نیوز –
هونه‌رمه‌ند ئیحسان زیره‌ك دوای هه‌وڵێكی زۆر و به واسیته توانی له كارگه‌یه‌ك وه‌ك كرێكار كاری ده‌ستی بكه‌وێت و راشیگه‌یاند كه شانازی به كاره‌كه‌یه‌وه ده‌كات.
هونه‌رمه‌ند ئیحسان زیره‌ك له لێدوانێكدا بۆ وێستگه نیوز رایگه‌یاند كه "دوای هه‌وڵێكی زۆر و به هه‌زار واسیته له كارگه‌یه‌كی سنووری بازیان وه‌كو كرێكار دامه‌زرام".
ئیحسان زیره‌ك وتی "وه‌ك خۆم مووچه‌یه‌كم هه‌یه له مه‌ڵبه‌ندی 12ی یه‌كێتی و وه‌كو هه‌ندێك هونه‌رمه‌ندیش لایف میوزیك ناكه‌م و به‌هۆیی ئه‌وه‌ی ژیانی هاوسه‌رگیریم پێكهێناوه باری بژێویم باش نییه بۆیه ناچاربووم ئه‌و كاره بكه‌م و شانازیشی پێوه ده‌كه‌م".
ئاماژه‌شی به‌وه‌دا كه كاره‌كه‌ی ئێستای كرێكارییه و به‌ڕۆژانه‌یه و چه‌ندین ساڵیش له ئێران و ناوچه‌ی خۆیان هه‌ر خه‌ریكی كرێكاری بووه.
ئیحسان زیره‌ك وتیشی "داواكارم له حكومه‌تی هه‌رێم و كاربه‌ده‌ستان و ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌م وڵاته ئاوڕێك له ژیانی هونه‌رمه‌ندان بده‌نه‌وه، چونكه هونه‌رمه‌ند ناسنامه‌ی گه‌له و زۆر گه‌وره‌یه و شایانی ئه‌وه‌یه رێزی لێبگیرێت".
جه‌ختیشی له‌وه كرده‌وه كه پێویسته كارێك بكرێت هونه‌رمه‌ندان به به‌هره‌ی خۆیان بژین تا په‌ره به‌تواناكانیان بده‌ن و ناچار نه‌بن له‌به‌ر بژێوی په‌ناببه‌نه‌به‌ر كاری تر.
راشیگه‌یاند كه هه‌رچه‌نده كاره نوێكه‌ی رۆژانه‌یه و كاتی زۆری ده‌بات، به‌ڵام دانابڕێت له هونه‌ر و به‌رده‌وام ده‌بێت له كاره هونه‌رییه‌كانی.
ناوی ته‌واوی هونه‌رمه‌ند ئیحسان بورهانه و له ساڵی 1976 له گه‌ڕه‌كی بێكه‌س له شاری چه‌مچه‌ماڵ له‌دایك بووه و له 2017دا ژیانی هاوسه‌رگیری پێكهێناوه و خاوه‌نی چه‌ندین به‌رهه‌می هونه‌رییه و وه‌ك خۆی وتی: "به‌رهه‌می (شه‌نگه بێری)م به كوالیتییه‌كی به‌رز تۆماركردووه له‌گه‌ڵ گروپی میوزیكی لوڕ له رادیۆ و ستۆدیۆی خاك".
PM:03:07:18/12/2018
ئه‌م بابه‌ته 16584
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت