جه‌عفه‌ر ئێمنکی: خولی داهاتوی پەرلەمان بەهێزتر دەبێت و بودجەش باشتر دەبێت

‌جەعفەر ئێمنکی، جێگری سەرۆکی خولی چوارەمی پەرلەمان

وێستگه‌ نیوزـ

جێگری پێشوی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان پێی وایە خولی داهاتوی پەرلەمانی کوردستان لە خولی پێشوو بەهێزتر دەبێت، هۆکارەکەشی دەگەڕێنێتەوە بۆ باشبونی بودجە و پڕۆژەی چاكسازیی كارگێڕیی بنەڕەتی کە بە وتەی ئەو "یەكێكە لە ئامانج و ئامرازە گرنگەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕوی دوبارە بنیادنانەوەی پێكهاته‌ی حکومەت و وەزارەتەکان."

لە چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ گۆڤاری گوڵان، جەعفەر ئێمنکی، جێگری سەرۆکی خولی چوارەمی پەرلەمان رایگەیاندوە: "ئەركی خولی پێنجەمی پەرلەمان قورس دەبێت، بەڵام من دڵنیام ئەو بارودۆخە سەخت و پڕ قەیرانەی خولی چوارەم پێیدا تێپەڕی، خولی پێنجەم پێیدا تێناپەڕێت، لە خولی چوارەم زۆر سەركەوتوتر دەبن" .

ئێمینکی هۆکاری سەرکەوتنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانی بۆ دوو خاڵی گرنگ گه‌ڕاندوه‌ته‌وه‌ و نمونەی چارەسه‌رکردنی قەیرانی دارایی هێناوه‌ته‌وه‌ کە بەوته‌ی ناوبراو به‌ ڕادەیەكی زۆر باش چارەسه‌ركراوە، باوه‌ڕیشی وایە لە ماوەی 5 تا 6 مانگی داهاتوودا، قەیرانی دارایی بە تەواوەتی كۆتایی بێت و بارودۆخی داراییی كوردستان بگەڕێتەوە پێش كاتی دروستبونی قەیرانەكە.

جێگری پێشوی سه‌رۆكی په‌رله‌مان، پڕۆژەی چاكسازیی كارگێڕیی بنەڕەتی بە یەكێك لە ئامانج و ئامرازە گرنگەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ کابینەی داهاتوو هه‌ژماركردوه‌ و دڵنیاشە پەرلەمانی كوردستان لەم خولەدا، وەك پرۆژەیەكی نیشتمانی مامەڵەی لەگەڵ دەكەن. 

ده‌شڵێت كه‌ ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ "پڕۆژەیەكی نیشتمانییە، ئەوەی لەم پڕۆژەیەدا هاتووە، كۆی چاكسازیی بنەڕەتی لە هەیكەلی ئیداریی حكومەت لەخۆی دەگرێت، چۆن وەزارەتەكان كەم دەكرێنەوە و تێكەڵی یەكتری دەكرێن، ئەمانە هەمووی پێویستیان بەوەیە کە یاسایان بۆ دەربكرێت، وای دەبینم كە خولی ئەمجارەی پەرلەمان پشتگیری لەم پڕۆژەیە دەكات و سەركەوتوانە پشتگیری هەوڵەكانی حكومەت دەكات".

هه‌رله‌وباریه‌وه‌ جه‌عفه‌ر ئێمینکی گەشبینە بە پڕۆژەی چاکسازیی ئیداری و لە چاوپێکەوتنەکەشیدا بۆ گۆڤاری گوڵان، پڕۆژەکە بە پڕۆژەیەكی لۆكاڵی و ئەزمون و ئەقڵی ئەو خەڵكانە ناو دەبات، كە لە بواری كارگێڕی ئەزموونیان هەیە و لە ئەنجامی پراكتیكی كارگێڕییەوە هەڵە و كەموكورتییەكانیان دەستنیشان كردووە، پڕۆژەکەش بە جێپەنجەی ستافی كارگێڕیی سلێمانی و هەڵەبجە و هەولێر و دهۆك باس دەکات، کە لە هەموو بوارەكاندا و لەوانەوە هاتوون و پوختكراوەتەوە و گەڵاڵە كراوە.

وتیشی: لەگەڵ ئەنجامدانی چاكسازیی كارگێڕیی بنەڕەتی بە شێوەیەكی سەركەوتوو ڕەنگدانەوەی لەسەر سه‌رجه‌م سێكتەرەكانی دیكە لە هەرێمی كوردستاندا دەبێت، باری سەرشانی پەرلەمان و حكومەت و هاوڵاتیش سوك دەكات. 

سه‌باره‌ت به‌ بەرزكردنەوەی دروشمی كوردستانێكی بەهێز كه‌ لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە لە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا بانگه‌شی بۆكرا، لای جەعفەر ئیمنکی، بەو مانایە نییە كە هەرێمی كوردستان لاوازە و دەیانەوێت بەهێزی بكەن، به‌ڵكو پێی وایه‌ کە هەرێمی كوردستان بەهێزە و دەیانەوێت بەهێزتری بكەن.

دەشڵێت: "لە سەردانی ئەم دواییەمدا بۆ نەجەف، كە خەڵكانێكمان لەگەڵدا بوو و خۆیان بە نەیاری سیاسیی پارتی دەزانن، لەبەرچاوی ئەوان، زۆر ڕاشكاوانە پێیان وتین: "هەرێمی كوردستان لە وەزعێكی زۆر باشدایە" و زۆریش سەرسام بوون بە بارودۆخی كوردستان، بۆیە ئەوانەی خۆیان بە نەیاری سیاسیی پارتی دەزانی، كە گوێیان لەم قسانە دەبوو، پێیان ناخۆش بوو، بەڵام ئەوە واقیعە كە بە ڕاستی هەرێمی كوردستان بەهێزە و زۆر بنەمای بە هێزتریشی هەیە بۆ ئەوەی بەهێزتری بكەین".

لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەیدا ئێمینکی پێی وابوو: "ئەو كوردستانە بەهێزەی پارتی لە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن بانگەشەی بۆ دەكرد، كارێكی قورس نییە و لە ماوەیەكی پێوانەییدا سەرەتاكانی دەردەكەون".


PM:11:07:14/11/2018


ئه‌م بابه‌ته 2072 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت