ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌ری: هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی كه‌ركوك بۆ ئێران راگیرا


وێستگه‌ نیوزـ

سه‌رۆكی لیژنه‌ی وزه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك رایگه‌یاند كه‌ حكومه‌تی به‌غدا هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی كه‌ركوكی بۆ ئێران راگرتوه‌، وەزارەتی‌ نەوتی‌ عیراقیش ئامادەکاری‌ دەکات بۆ هەناردنەكردنی نەوتی‌ ئەو پارێزگایە بۆ تورکیا، ئه‌وه‌ش لەڕێگەی‌ بۆریە نەوتیەکانی‌ هەرێمەوە.

ئەحمەد عەسکەری‌، سەرۆکی‌ لیژنەی‌ وزە لەئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ کەرکوک، بەدەنگی‌ ئەمریکای‌ ڕاگەیاند"حکومەتی‌ عیراق ناردنی‌ نەوتی‌ کەرکوکی‌ بۆ ئێران ڕاگرتووە، ئێستا دەیەوێت نەوت بۆ تورکیا بنێرێت."

وتیشی‌"تەنها دەرەچە بۆ ناردنی‌ نەوتی‌ کەرکوک بۆریە نەوتیەکانی‌ هەرێمە، هەندێک زانیارییش هه‌ن هەرێم و بەغدا دوو هەفتە لەمەوبەر لەسەر ئەو پرسە رێککەوتون."

پێشتر لەرێگەی‌ تانکەرەوە رۆژانە تا 30 هەزار بەرمیل نەوت نێردراوە بۆ ئێران، بەڵام ماوەی‌ نزیکەی‌ مانگێکە ناردنی‌ نەوت بۆ ئەو وڵاتە راگیراوە، سەرچاوەیەکیش لە وەزارەتی‌ نەوتی‌ عیراق کەداوایکرد کە نەیوستوە ناوی بهێنرێت، بەدەنگی‌ ئەمریکای‌ راگەیاند"ئامادەکاری‌ هونەری‌ بۆ ناردنی‌ نەوتی‌ کەرکوک بۆ تورکیا تەواو بووە."

بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، "گەر وەزارەتی‌ نەوت بریار بدات، لە زووترین کاتدا دەتوانرێت دەست بەناردنی‌ نەوتی‌ کەرکوک بۆ تورکیا بکرێت، بەڵام هێشتا بریاری‌ نەداوە."

پێش 16ی‌ ئۆکتۆبەری‌ 2017،  نەوتی‌ کەرکوک لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە هەناردەی‌ تورکیا دەکرا، بەڵام دوای‌ ئەو بەروارە و کاتێک هێزە عیراقیەکان ده‌ستیان به‌سه‌ر كه‌ركوكدا گرت، به‌غدا ئاراستەکەی گۆڕی و نەوتی ئه‌و پارێزگایه‌ی ره‌وانه‌ی ئێران كرد.


PM:08:47:10/11/2018


ئه‌م بابه‌ته 728 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت